لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گیانلەدەستدانی نیلووفەر موجاور، کچی ٢٧ ساڵانی خەڵکی پیرانشار و قوربانیی دەستدرێژی و ژنکوژییەکی دیکە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، کاردانەوەی بەربڵاوی لێ کەوتەوە. لە دوای مەرگی مێشکیی ئەم کچە، بنەماڵەکەی بریاریان دا ئەندامانی جەستەی ببەخشن تاکوو ڕۆحی کچەکەیان بۆ زیندوویی بمێنێتەوە.
سوهەیلا مەهدیزادە، پووری "نیلووفەر موجاور"، لەمبارەوە وردەکاریی تاوانێکی دڕندانەی ئاشکرا کرد کە تێیدا خوشکەزاکەی دوای فریودان و ڕفاندنی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، ڕووبەڕووی دژوارترین شێوازی ئەشکەنجەی جەستەیی، دەستدرێژیی سێکسی و بێبەشکردن لە ئاو و خۆراک بووەتەوە.
ئەم توندوتیژییە نامرۆڤانە بووەتە هۆی مەرگی مێشکی نیلووفەر و دواتر بە ڕەزامەندیی بنەماڵەکەی، دوو گورچیلەی وەک تاقە ئەندامی ساغی جەستەی بەخشراون و ناوبراو گیانی لەدەست داوە.
پووری نیلوفەر لە لێدوانێکدا لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" ڕایگەیاند، تاوانبارێک بە ناوی "سەید عیزەەدین سەیدتاهیری" تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، سوودی لە سادەیی، گۆشەگیری و دۆخی بێپەنایی نیلووفەر وەرگرتووە و بەبێ بردنی هیچ کەلوپەل و ناسنامەیەک لە ماڵ بردوویەتی.
لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەی دەسبەسەرکردنیدا، تاوانبار بە شێوەیەکی وەحشیانە ئەشکەنجەی داوە؛ بەجۆرێک جەستەی تووشی شکانی شەویڵک و پەراسوو، برینداریی قورسی بەشە هەستیارەکان و زەبری توند لە پشتی سەری بووەتەوە.
پزیشکان ڕایانگەیاندووە بەهۆی برسییەتی و ئەشکەنجەی بەردەوامەوە، دۆخی جەستەی ئەوەندە دابەزیوە کە هاوشێوەی کچێکی ١٤ ساڵان دەرکەوتووە.
سوهەیلا مەهدیزادە ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبار دوای تێکچوونی باری تەندروستیی نیلووفەر، بە بیانووی ساختەی ڕووداوی هاتوچۆ بردوویەتیە بنکەی تەندروستی و پاشان هەڵهاتووە.
بنەماڵەی قوربانییەکە سکاڵای فەرمییان تۆمار کردووە و دوو بنەماڵەی دیکەش پەردەیان لەسەر دەستدرێژیی ئەم کەسە بۆ سەر کچەکانیان لاداوە.
پووری نیلوفەر جەختی کردەوە کە ڕاگەیاندنی ئەم کارەساتە بۆ ڕێگرییە لە دووبارەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە و وتی: "دەنگی نیلووفەر دەنگی تەواوی ئەو ژنانەیە کە لەژێر توندوتیژیدان؛ دەبێت ئەم دەنگە بەرز بکرێتەوە تا تاوانباران سزا بدرێن و کۆتایی بە ڕفاندن و سەرکوتکردنی ژنانی بێپەنا بهێنرێت."