دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە هێزەکانی وڵاتەکەی دەتوانن زۆر زوو لە دامەزراوە ئەتۆمییە پۆڵایینەکەی ئێران لە "کێوی پیکاکس" بدەن؛ هاوکات بە ئاماژەدان بە ڕێڕەوە نوێیەکانی وزە هۆشداریی دا کە گەرووی هۆرمۆز باڵادەستی و گرنگیی ستراتێژیی خۆی لەدەست دەدات.
دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند هەڵمەتی وڵاتەکەی دژ بە ئێران تەنیا "پێکدادانێکی سەربازی"یە و پرۆسەیەکی گەورە نییە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد هێزەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە چاوەدێریی ناوەندە جۆربەجۆرەکان دەکەن و لە ئامادەیی تەواودان.
سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێزەکانیان توانای ئەوەیان هەیە زۆر بە توندی هێرش بکەنە سەر سایتە ژێرزەوینییە قایمەکەی "کێوی پیکاکس" لە نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنز و وتی: "ئەگەر شتێک ڕوو بدات، زۆر زوو و بە قورسی لێیان دەدەین."
ترامپ ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕادار و فڕۆکەکانی ئێرانیان لە گەرووی هۆرمۆز تێکشکاندووە و کۆنتڕۆڵی کەشتیوانیی ناوچەکەیان گرتووەتە دەست.
لەلایەکی دیکەوە، ترامپ باسی لە پلانی ڕێڕەوە بەدیلەکان کرد و وتی بەپێشخستنی هێڵەکانی لوولە و ڕێگەی وشکانی بۆ گواستنەوەی نەوت، وەک ڕێگەی بارهەڵگرەکان لە سوریەوە، پشتبەستنی جیهان بە گەرووی هۆرمۆز کەم دەکەنەوە.
ترامپ هۆشداریی دا کە ئەگەر تاران بڕیاری ژیرانە نەدات، لە کۆتاییدا خۆی لە بەرانبەر گەروویەکدا دەبینێتەوە کە ئیتر هیج بایەخێکی ئابووری و سەربازیی نەماوە.