ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، ڕایگەیاند: «هەر چەشنە سەرکێشییەکی حوسییەکان بەرەو بابولمەندەب، دەبێتە هۆی شەڕێکی ماندووکەر و تاقەتپڕووکێن دژی ئەم گرووپەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت».
هەواڵدەریی فەرمیی یەمەن لە زاری چەند بەرپرسێکی دەوڵەتی یاسایی یەمەنەوە بڵاوی کردەوە کە ڕەشاد عەلیمی و ئەندامانی تری ئەنجومەنی سەرکردایەتی، شەو و ڕۆژ چاودێریی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان و ڕەوتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە بەرەکانی شەڕ دژی حوسییەکان دەکەن.
عەلیمی هەوڵی حوسییەکانی بە هۆکاری خولقاندنی کارەساتە مرۆییەکان، پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان، پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی و هەوڵە تێرۆرسییەکان دژی خەڵکی یەمەن زانی.
عەلیمی هۆشداریی دا کە «حکوومەت و هێزە چەکدارەکانی یەمەن، لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادەن ئامانجی حکوومەتی ئێران بۆ دەسبەسەرداگرتنی گەرووی بابولمەندەب بێتە دی».
ناوبراو زیادیشی کردووە کە «هەر چەشنە سەرکێشییەک بەرەو ئەم ناوچانە، دەبێتە هۆی شەڕێکی ماندووکەر و تاقەتپڕوکێن بۆ سەر چەکدارە تێرۆریستەکانی حوسییەکان».
گرووپی چەکداری ئەنساروڵڵا کە بە حوسییەکانی یەمەن دەناسرێت، گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بە فەرمانی سپای پاسداران گەمارۆی دەریاییان لە ڕێڕەوی ئاویی بابولمەندەب لە دەریای سوور خستووەتە سەر عەرەبستان و لە ئاکامدا چەندین کەشتیی بازرگانییان کردووەتە ئامانج و هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی ئاسایی و هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی یەمەن چڕتر کردووەتەوە.