کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانوونی نووسەرانی ئێران: کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان وەک کەرەستەی سەرکوتکردن بەکار دەهێنێت

11:02 - 14 خەرمانان 2726

کانوونی نووسەرانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای مەحکوومکردنی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە سزای سێدارەدان وەک کەرەستەیەک بۆ سەرکوتکردنی نەیاران و دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا کەڵک وەردەگرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی خەرمانان، نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە ڕایانگەیاند: "ئەو سزایانە تەنیا لەسەر بنەمای زانیاری و بۆچوونی دادوەری ڕێژیمەوە دەردەکرێت و هیچکات بەڵگەیەکی ئەوتۆ بۆ سەپاندنی وەها سزایەکی قورسیان نەخستووەتە ڕوو".

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بە سنوورداربوونی دەستی تۆمەتباران بە پارێزەر، دەسبەسەرکردنی درێژخایەن، بێئاگایی بنەماڵەکان، دانپێدانانی زۆرەملێ و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە و هاتووە کە ئەم حاڵەتانە بەندکراوانی لە مافی دادگاییەکی دادپەروەرانە بێبەش کردووە.

هەروەها کانوونی نووسەرانی ئێران ڕایگەیاند کە "پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، بازنەی دەسبەسەرکردنەکان و دۆسییە ئەمنییەکان فراوانتر بووە و دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بووەتە ڕەوتێکی بەردەوام".

ئەم کانوونە ڕاشیگەیاند کە بارودۆخی شەڕ بەستێنێکی نوێی بۆ توندترکردنەوەی ئەم ڕەوتە ڕەخساندووە.

ئەم ڕێکخراوە سێنفییە جەختی کردەوە کە هیچ یاسا و حکوومەتێک مافی ئەستاندنی ژیانی مرۆڤەکانی نییە.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "ئەم ڕەوتە، درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە کۆماری ئیسلامی لە یەکەمین ساڵەکانی دامەزراندنی خۆیدا بەرانبەر بە نەیاران و ڕەخنەگران لەبەری گرتووە. حکوومەتێک کە هەمیشە ناڕەزایەتی بە تاوان، نەیاربوون بە هەڕەشەی ئەمنی و کەسی ناڕازی بە دوژمن ناودێر دەکات".