زیاتر لە ١٠٠ بەنداوی سیاسیی پێشوو، چالاکانی مافی مرۆڤ، نووسەر، ڕۆژنامەوان، ئاکادێمیست و چالاکانی مەدەنی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ شەڕی دەرەکی و سەرکوتی ناوخۆیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاگەیاند.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: «خەڵکی ئێران نابێت بە ناچار لەنێوان پەلاماری سەربازی و ئابووریی دەرەکی و سەرکوتی دەوڵەتیدا یەکێکیان هەڵبژێرن».
هەروەها واژۆکاران داوای ڕاگرتنی خێرای لەسێدارەدانەکان، ئازادکردنی هەموو بەندکراوە سیاسییەکان، کۆتاییهێنان بە شەڕەنگێزی و ڕاگرتنی سزای بەکۆمەڵی خەڵکی ئێرانیان کردووە.
واژۆکاران لە درێژەدا ئاماژەیان بە مێژووی سەرکوتی نێوخۆیی، لەوانە لەسێدارەدانی بەندکراوە سیاسییەکان، حیجابی زۆرەملێ، سانسۆر، سنووردارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و گوشاری سیستماتیک لەسەر کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکەکانی ئێران کردووە.
لەو بەیاننامەیەدا، کۆمەڵکوژکردنی بەنداوییە سیاسییەکان لە هاوینی ۱۳۶۷ش وەک یەکێک لە نموونەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی پێناسە کراوە و بە «تاوان دژی مرۆڤایەتی» لە قەڵەم دراوە.
هەروەها واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە پشتگیریی دووبارەی خۆیان لەو نامەیە کە لە ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژدا بە ناونیشانی «بۆ بەندکراوە سیاسییەکانی ئێران، کە لەنێوان دوو ڕێگای مەترسیداردا گیریان خواردووە» کردەوە، کە لە ڕۆژنامەی گاردیەندا بڵاو کرابووەوە.