شەڕی نێوان هێزی دەوڵەتی یاسایی یەمەن و گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکان لە ڕۆژاوای ئەو وڵاتە بەردەوامە، لە شەڕ و پێکدادانی ئەم دواییانەدا لانیکەم ۱۲۹ کەس کوژراون و نزیکەی هەزار و ٧٩٠ خێزانیش ئاوارە بوون.
ئاژانسی هەواڵی فەرانسە ڕۆژی شەممە ١٤ی خەرمانان ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی پێکدادانەکانی ١٢ و ١٣ی خەرمانان لەنێوان دەوڵەتی یەمەن و حووسییەکان گەیشتووەتە ١٢٩ کەس.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو هەواڵدەرییە، لەو هێرشانەدا ٦٣ کەس لە ئەرتەشی دەوڵەتی یەمەن و ٦٢ چەکداری حوسییەکان و ٤ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون.
شایانی باسە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان حوسییەکان هێرشی زەمینیی هاوکاتیان لە باشووری حودەیدە و سێ ناوچە لە ڕۆژاوای تەعز دەستی پێکرد و دواتر بازنەی شەڕەکە چەند ناوچەی دیکەشی گرتەوە.
بەرپرسانی یەمەن ئەم ئۆپەراسیۆنەیان وەک گەورەترین هێرشی حوسییەکان لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خاکەلێوەی ١٤٠١ـەوە دژ بە ئەرتەشی یەمەن و خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە وەسف کرد.
هەروەها دۆسییەی هاواهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە سەختی و پەرەسەندنی پێکدادانەکان لە تەعز لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیکەی هەزار و ٧٩٠ بنەماڵە ئاوارە بوونە.
هەروەها ئەرتەشی یەمەن لە ١٤ی خەرماناندا ڕایگەیاند کە دوو بەرزاییان لە ناوچەی حەیفان لە باشووری تەعزیان لە حوسییەکان وەرگرتووەتەوە.
ئەرتەشی یەمەن هەروەها ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە زیاتر لە ١٥ هێرشی کردووەتە سەر بنکە، ماشین و شوێنی کۆبوونەوەی حوسییەکان لە دەوروبەری ڕۆژاوای پارێزگاکانی تەعز و حودەیدە و چەند ناوچەیەکی دیکە.
شایانی باسە بابولمەندەب لە دەریای سوور، کەنداوی عەدەن بە دەریای هێند و کاناڵی سویسەوە بە دەریای ناوەڕاست دەبەستێتەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عەرەبستان بایەخێکی زۆری هەیە، بەڵام حوسییەکان پاش تێکچوونی ئارامیی ڕێژەیی یەمەن لە مانگی پووشپەڕدا، گەمارۆی دەریایی دژی عەرەبستان ڕاگەیاند و هێرشەکانیان بۆ سەر موخا زیاتر کرد.
ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، ڕایگەیاند کە هێزەکانی یەمەن ڕێگە نادەن کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی حوسییەکانەوە دەسەڵات بەسەر بابولمەندەبدا بگرێت.