ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە تا حەفتەی داهاتوو بڕیارنامەیەک لە شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پەسەند بکەن، کە دوای ٢٠ ساڵ دۆسییەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران دەنێرێتە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، تەوەری سەرەکیی دەقەکە داواکردنە لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس تا ئەم بڕیارنامەیە و بڕیارنامەکانی پێشوو ڕەوانەی شۆرای ئەمنییەت و کۆمەڵەی گشتی بکات.
بڕیارنامەکە گوشار دەخاتە سەر تاران تا دەستبەجێ پێشێلکارییەکانی پەیماننامەی پادمان ڕابگرێت و ڕێگە بە پشکێنەران بدات بگەڕێنەوە سەر دامەزراوە بۆردومانکراوەکان تا بڕی ئۆرانیۆمی پیتێنراو بپشکێنن.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوەن کە تاران هاوکاری لەسەر شوێنەواری ئۆرانیۆمی لە بنکە ڕانەگەیەندراوەکان ڕەت کردەوە.
ئاژانس مەزەندە دەکات ئێران بەر لە هێرشە سەربازییەکان زیاتر لە ٤٤٠ کێلۆگرەم ئۆرانیۆمی ٦٠٪ی هەبووبێت، کە بەسە بۆ دروستکردنی کەرەستەی نزیکەی ١٠ چەکی ئەتۆمی.
سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بڕیارنامەکە لە شۆرای حوکام پەسەند بکرێت، بەڵام جێبەجێکردنی لە شۆرای ئەمنییەت ڕەنگە بەهۆی مافی ڤیتۆی ڕووسیە و چینەوە ڕووبەڕووی کۆسپ ببێتەوە.