کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: کات بە زیانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێدەپەڕێت

13:59 - 14 خەرمانان 2726

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" ڕایگەیاند پاش شەش مانگ لە دەستپێکردنی شەڕ بە دژی ڕێژیمی ئێران، کات بە خێرایی بە زیانی تاران تێدەپەڕێت و داڕمانی ئابووری و گەمارۆی دەریایی واشنگتۆن، بەرهەڵستکارییەکانی کۆماری ئیسلامییان پەک خستووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تاران هیوادار بوو بە پەکخستنی گواستنەوەی نەوتی جیهان، تەنگەژەیەکی ئابووری بنێتەوە و ئەمریکا ناچار بە قەبووڵکردنی مەرجەکانی بکات؛ بەڵام ئەم پلانە شکستی هێناوە و نرخی نەوت لە خوار ١٠٠ دۆلار ماوەتەوە.

هاوکات گەمارۆی دەریایی ئەمریکا سەرچاوە سەرەکییەکانی دراوی بیانیی ئێرانی ڕاگرتووە، لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی بە پاڵپشتیی واشنگتۆن ڕۆژانە چەندین میلیۆن بەرمیل نەوت لە هۆرمۆز و دەریای عومانەوە هەناردە دەکەن، کە نیشانەی لەدەستدانی باڵادەستیی ئێرانە بەسەر ئەم ڕێڕەوەدا.

لە نێوخۆی ئێرانیشدا، دابەزینی بێوێنەی بەهای پارە، هەڵاوسان، کەمبوونی بەنزین و دابەزینی ٢٥ تا ٣٥٪ی بازرگانی، گوشارێکی قورسیان دروست کردووە.

لە بازاڕی ئازاددا بەهای هەر دۆلارێک گەیشتووەتە ٢٢٥ هەزار تمەن و سکەی ئیمامی بە ٢٣٥ میلیۆن تمەن مامەڵەی پێوە کراوە.

شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە ڕێژیمی ئێران ڕەنگە بۆ دەربازبوون لەم بنبەستە بەربڵاوە، ڕوو لە توندکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بکاتەوە.