کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا تێچووی ژیانی ئێرانییەکانی بەرز کردووەتەوە

12:04 - 9 رەزبەر 2726

حەوت مانگ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی تاران لە گەرووی هۆرمۆز و توندتربوونی گەمارۆ ئابوورییەکانی واشنگتۆن، تێچوویەکی گران و تاقەتپڕووکێنی بەسەر ئابووریی ئێران و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا سەپاندووە؛ ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری نرخەکان، داڕمانی توانای کڕین، لەدەستدانی دەرفەتەکانی کار و سەختیی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەرتی تایبەت تووشی داڕمانی قووڵ بووەتەوە و بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی کرێی خانوو، دەرمان و بژێوی ڕۆژانە تووشی ئاستەنگ بوون.

داڕمانی داهاتی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە ئەنجامی گەمارۆکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ سەر تۆڕە دارایی، نەوتی و گواستنەوەکانی ڕێژیم، شادەماری ئابووریی تارانی وشک کردووە.

لە بەرانبەردا، ئاڵۆزکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆز و هێرش بۆ سەر کەشتیوانی، بازرگانیی وزەی پەکخستووە.

ڕۆیتێرز ئاماژەی بەوەش کردووە کە خراپبوونی بارودۆخی ئابووری و گوشاری سەر گوزەرانی خەڵک، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بووە بە نێوبژیوانیی قەتەر؛ هەوڵێک کە دەریخست تێچووی ملکەچنەبوونی سەربازیی ڕێژیم، ڕاستەوخۆ لە سەرچاوەی بژێوی خەڵکی ئێران دەدرێت.