ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی بەرچاوی دەست لەکارکێشانەوە لە نێوان کارمەندانی کەرتی گشتی و تایبەت، بەتایبەت پەرستاران و مامۆستایان سەری هەڵداوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کارمەندان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی داڕمانی بەهای ریاڵ و بەرزبوونەوەی بێبەزەییانەی نرخەکان، مووچەکانیان چیدیکە بەشی بژێویی سەرەتاییان ناکات.
هاوکات ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکانیش ئاماژەیان بە بەردەوامیی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سەرانسەریی خانەنشینان کردووە کە دەڵێن دەوڵەت مافە داراییەکانی بەتەواوی نەداوە.
ئەو ڕۆژنامە ئەمریکاییە هەروەها ئاماژەی بە لێدوانێکی کەموێنەی موحسن ڕەزایی، سکرتێری شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم کردووە کە هۆشداریی داوە تێکچوونی خێرای ڕەوشی ئابووری، وڵاتی خستووەتە یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی مێژووی خۆی.
نیۆیۆرک تایمز جەخت دەکاتەوە کە ئەم داڕمانە، بەرهەمی هەڵاوسانی بێوێنە، داڕمانی بەهای دراو لە بەرانبەر دۆلار، گەمارۆی دەریایی و هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکایە کە هەناردەی نەوتی ئێرانیان پەک خستووە و توانای کڕینی هاووڵاتییانی بەتەواوی فەوتاندووە.