کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەباکردنی خەرمانی کۆمیتەی ئیمداد

09:50 - 13 رەزبەر 2726

دارسمە

لە سەرانسەری ئێران، هەر گوتت «کۆمیتەی ئیمداد»، هەموو کەس بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە دەزانێت ئەمە کورتکراوەی «کۆمیتەی ئیمدادی ئیمام خومەینی»یە. زۆر کەس مانای ئەم دەستەواژەیە هێندێک بەلاڕێدا دەبەن و باش لێکی نادەنەوە. دیارە وەک گوتم «کۆمیتەی ئیمداد» هەموو کەس دەیناسێت و هەموو وادەزانن ئیدارەیەکە بەپێی شوێن یارمەتی بەسەر کۆمەڵە خەڵکێکدا دابەش دەکات.

پێش ئەوەی باس لە ئەرکی پیرۆزی «کۆمیتەی ئیمدادی ئیمام خومەینی» بکەین، واباشە ماناکەی باش لێک بدەینەوە. دیسان لە ڕووی ئێوە بێئەدەبی نەبێت و پەرژینێکی بەگوڵ بۆ تێگەیشتنی چەوت و چەوێڵ دادەنێم. مەبەست لە تێگەیشتنی چەوت و چەوێڵ ئەمەیە؛ خوای نەخواستە ئێوە وا بزانن خۆمم پێ لە جەنابتان زاناترە و وای تێگەیشتووم ئێوە لە مانای دەستەواژەکە تێ ناگەن و پێویستە نەزانێکی وەک بەندەی موخلیستان بۆتانی لێک بداتەوە. نەخێر ناوەڵڵا هیچ وا نییە و ئێوە زۆر لەوە شارەزاترن کەسێکی دیکە وشە و دەستەواژە و ڕستەتان بۆ لێک بداتەوە.

تەنیا لەبەر ئەوەی کۆمیتەی ئیمدادی گۆرین، مەیدانی پانتاییی چالاکییەکانی زۆر لەوە بەرینترە بیری لێ دەکەینەوە، بە پێویستم زانی کەمێک لە کاتی گرانبەهاتان بگرم و وابکەم بۆ چەند چرکەیەک دەست لەسەر شاشەی مۆبایلەکانتان ڕاگرن و بۆ ماوەیەکی کورت لە بەڕێکردنی پەیجە زۆر و زەوەندەکانی سەر بە تیکتۆک، تێلگرام، فەیسبووک، ئینستا و مینستا ڕابوەستن و هەر سووکەسەرنجێک بدەنە مانای «امداد» لە دەستەواژەی «کمیته‌ امداد امام خمینی»دا.

هیچ بە پێویستی نازانم وابکەم لە سەیرکردنی لاپەڕە جوانەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بتانوەستێنم. هەر لەبەر ئەوەی باس لە ناوەکانی «کمیتە» و «امام خمینی» ناکەم و ڕێک و ڕاست دەچمە سەر وشەی «امداد». ئەم «امداد»ە بە کوردییەکی خۆمانە دەبێت بە «بە هاناوەهاتن». ئەودەم ئەگەر هینەکەی ئیمام خومەینی بە تەواوی بکەین بە کوردی، دەبێتە «کۆمیتەی بە هاناوەهاتنی ئیمام خومەینی». جا حیکمەتی ڕاسان و خۆ چەلوچۆم کردنی بەندەی موخلیستان لێرەدایە کە ئەو مانایە نزیکەی پەنجا ساڵە لەم کۆمیتەیەمان وەرگرتبوو، بەداخەوە وا نەبوو. یانی بە هەڵە تێگەیشتبووین. بە هەڵەش نا، تەواو بەپێچەوانەوە. ئێمە هەتا دوێنێ و پێرێ وامان دەزانی کۆمیتەی بە هاناوەهاتنی ئیمام خومەینی، بە هانای خەڵکەوە دێت، بەڵام ئێستا بەتەواوی بۆمان دەرکەوتووە، ئەم کۆمیتەیە بە توندی بە هانای ئیمام خومەینی و پاشماوەکانییەوە دەچێت.

ئەوەتا هەر لەم غەززە و لوبنانەی خۆمان، کۆمیتەی ئیمداد ببوو بە ڕێکخراوێکی گەورە و گران. لە غەززە و لە لوبنان و لە هینیش ئەندامەکانی ئەوەندە فرە بوون هەر خوا دەزانێت. ئەو ئەندامانە هەموویان پارەیان دەگەیشتێ و ڕێکدەخران بۆ ئەوەی بە هانای ئیمام خومەینی و پاشماوەکانییەوە بچن.

ئەوەندەی خۆڵ لەسەر گۆڕی سۆفی حەسەنە، هەزار ئەوەندە تەمەنی ئێوەی بەردەنگان درێژ بێت. ئەرێ لەبیرتان نییە دەیگوت هەتا ئێران فلووسی هەبێت، ئێمە بێپارە نابین. وەباڵ بەم ملە باریکەم لە سەردەمی سۆفی حەسەن و دواتریش ئەندامە هەراوەکانی کۆمیتەی ئیمداد فلوسی خۆیان وەرگرت و بە دڵ و بە گیان بە هانای ئیمام خومەینییەوە چوون و تەنگیان بە جوولەکەکان هەڵچنی. بەڵام داخێک و حەوسەد مخابن زەبری کافران ئەوەندە توند بوو، تونێل و ڕەندیشی بە ئەندامانی کۆمیتەی ئیمدادی ئەوێ نەهێشت.

لە نێو بازرگاناندا باوە دەڵێن ئەگەر سەرمایەت لە کەمی دا واباشە ئەوەی بەدەستتەوە ماوە سات و سەودای بچووکتری پێ بکەی، بەڵکوو ڕۆژێک سوودێکی باشی لێ وەرگری. هەر ئەمەش وای کرد کۆمیتەی ئیمداد لە نێوخۆ دەستبەکار بێتەوە و لە شارە هەرەگەورەکان ئەندامان کۆ بکاتەوە. ئێستا بە داهێنانی دەستەواژەی «جانفیدا» لە هەوڵی ئەوەدان بەم سەرمایە بچووکەی نێوخۆ بابەتی بە هاناوەهاتنی خەڵکی نێوخۆ بورووژێنن. هەر لەبەر ئەمەش بەتایبەت شەوانە دوای ئەوەی فێنک دادێت و دەکرێت بە گڵۆپی بەهێزی کارەبا سەرنجی کامێرای وێنەگریی لەسەر گۆشەیەکی شەقام چڕ بکرێتەوە، ئەندامانی کۆمیتەی ئیمداد بە ئەمری دەستەی سەرۆکایەتی بەپێی توانا لە گۆشەی شەقامان کۆ دەکرێنەوە.

لە وەها کاتێکدا هەرکەسێک چەند ساڵ لەمەوبەر قوتوو ساندیسێکی لە هەر شوێنێک فڕ کردبێت دەبێ بێتە سەر شەقامی دیاریکراو و بە ئەمری بەرپرسانی زانا و شارەزا ئەنگوستی دۆشاومژەی بخاتە قوڕگییەوە و هەرچی پێش و پاش ساندیسەکەش خواردوویەتی لەسەر شەقامی دیاریکراو بەرانبەر بە کامێرا بیهێنێتەوە.

دیارە یارمەتییەکی بەرچاویش بۆ ئەو ئەندامانە تەرخان کراوە، ئەویش ئەمەیە؛ ئەوانەی پێیان خۆش نییە لە کامێراکەوە دەرکەون، لە کاتی ڕشانەوەدا دەتوانن لەبەرانبەر کامێرادا سەر و لووتیان داپێچن.