کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قورس بەسەر دوو بەندکراوی سنەیی و دەسبەسەرکرانی کچە وەرزشوانێکی سەقزی

10:30 - 13 رەزبەر 2726

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مەرزیە مورادوەیسی، مامۆستای دەرکراو و لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو و سۆهراب بەهرامی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، سزای بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی نەختییان بەسەردا سەپا و هەروەها ئایدا قادری، وەرزشوانی سەقزی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەرزیە مورادوەیسی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و مامۆستای دەرکراو لە پەروەردە و بارهێنان، لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ٤ میلیۆن پارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ۸ی ڕەزبەر، بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ناوبراو لە دەیەی ۶۰ی هەتاویشدا و هەم لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکیی مەدەنی و دادخوازییەوە پێشینەی دەسبەسەرکرانی هەیە و چەندین سزای دیکەی بەسەردا سەپاوە.

لەلایەکی دیکەوە، سۆهراب بەهرامی لەم دواییانەدا لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ۵ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و هەروەها پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و دوای تێپەڕاندنی نزیکەی ۳ مانگ بەندکران و لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر ماڵی بنەماڵەی «ئایدا قادری» و بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم کچە لاوە لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.