هەرکام لە عەلیڕەزا سپاهی و عەلیڕەزا ڕەئیسی، دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی ڕەزبەر، لە زیندانی دەستگێردی ئێسفەهان لە سێدارە دران.
سەرەڕای ئەوەی کە دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی هێشتا بە فەرمیی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو لاوەی دۆسییەی "مەیدانی عەلیخانی"ی ئێسفەهانی ڕانەگەیاندووە، بەڵام چالاکانی مافی مرۆڤی هەواڵی لەسێدارەدانەکەیان بڵاو کردووەتەوە.
دۆسییەی ناسراو بە «مەیدانی عەلیخانی» لە سەرەتاوە هاوکات بووە لەگەڵ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە چۆنیەتیی دادگاییکردن، دادگاییکردنی بەکۆمەڵ و نهێنی و بانگەشەی کەڵکوەرگرتن لە دانپێدانانی زۆرەملێ؛ ئەو دانپێدانانەی کە تەنانەت پێش کۆتاییهاتنی ڕەوتی دادوەری لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرابوونەوە.
لە دۆسییەی ناسراو بە مەیدانی عەلیخانیدا کە پەیوەندیی بە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە هەیە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە چوار چەکداری یەکەی تایبەت و بەسیج کوژراون.
شایانی باسە عرفان ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدی، دوو تۆمەتباری تری ئەم دۆسییەیە، لە ٢٨ی پووشپەڕدا لە سێدارە دران.
هەروەها سزای لەسێدارەدانی ئەبولفەزل سپاهی و ئەمیرحوسێن سەفەری لە بەرەبەیانیی ٦ی گەلاوێژدا لە مەیدانی عەلیخانیی ئێسفەهان و لەبەردەم چاوی خەڵکدا، جێبەجێ کرا.
هەروەها لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژدا، سزای لەسێدارەدانی قائێم حوسێنی، یەکێکی تر لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسییەیە، جێبەجێ کرا.
لە قۆناغی سەرەتاییدا، ١٥ تۆمەتباری ئەم دۆسییەیە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و بەپێی زانیارییە ڕاگەیەندراوەکانی پارێزەر، سزای یەکێک لە تۆمەتباران لە دەزگای دادوەریی باڵادا هەڵوەشاوەتەوە و سزای لەسێدارەدانی ١٤ تۆمەتباری تر پشتڕاست کراوەتەوە.