هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان، ئامارە نوێیەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" دەریدەخەن کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گوشارەکانیان بۆ سەر مامۆستایان توندتر کردووەتەوە و لانیکەم ٤٧ مامۆستای کارا و خانەنشینکراو لە بەندیخانەکاندان یان سزای دوورخرانەوەیان بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەم کۆی گشتییە، ۱۳ مامۆستا خەریکی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنن، ۳۲ کەس لە گرتنگە و گرتووخانەکاندا بە شێوەی کاتی دەسبەسەرن و ۲ مامۆستاش دوور خراونەتەوە.
ئەم مامۆستایانە لە ۱۹ پارێزگای جیاوازی ئێراندا پەرشوبڵاون؛ "میلاد خۆرشیدی" و "موجتەبا ئیرەوی" لە پارێزگای سنە و "سەباح وەلەبەیگی" و "مەسعوود کیانی" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
لەنێو ئەم دەسبەسەرکراوانەدا، سزای سەخت بەسەر چالاکواناندا سەپێنراوە؛ لەوانە عەلیڕەزا مۆرداسی کە سزای دوو جار لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و جەواد لەعلمحەممەدی بە ۲۱ ساڵ بەندکران.
هاوكات هاشم خاستار و محەممەدحوسێن سپێهری بە سزای درێژخایەنی بەندکردن و دەرکردن لە وەزارەتی پەروەردە ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
ئەم شاڵاوە فراوانەی گرتن و سزادان لەکاتێکدایە کە ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان لەسەر بنەمای پەیماننامەی یوونێسکۆ داوای پاراستنی مافی پیشەیی و ئازادیی ڕادەربڕینی مامۆستایان دەکات، بەڵام ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی داواکارییە مەدەنی و سەندیکاییەکانیان.