لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەش لاوی خەڵکی ئاوایی "نەنە" سەر بە شاری مەریوان دەسبەسەر کراون، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراون، چارەنووسی هاووڵاتییەکی سەقزی پاش چوار ڕۆژ ناڕوونە و هاووڵاتییەکی خەڵکی هەوشار سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەزبەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بەشێوەیەکی دڕندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاوایی "نەنە"ـی سەر بە شاری مەریوان و شەش هاووڵاتییان بە ناوەکانی ڕێباز ساڵحی، شوانە ئەحمەدی، یادگار شوکری و ئەحمەد محەممەدی، هیوا محەممەدی و خەبات مەهدی دەسبەسەر کرد.
سپای تێرۆریستیی پاسداران بەبی هیچ هۆکارێک، وێڕای دروستکردنی کەشێکی ترسێنەر و ئەمنییەتیی چڕ، ئەو شەش هاووڵاتییەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی خۆڕاگری، حوسێن عوسمانی و بەهرام مەجیدیفەر، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراون و بەو هۆیەوە دۆخی تەندروستییان بەرەو ناجێگیربوون دەچێت.
بەپێی هەمان سەرچاوە، نەبی سۆفی، خەڵکی ئاوایی "قۆزڵوو"ی سەر بە ناوچەی هەوشار، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئاسایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها حەیدەر قادریان، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندراوە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.