لە کاتێکدا داڕمانی بێوێنەی بەهای ڕیاڵ، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و گرانی توانای کڕین و گوزەرانی هاووڵاتییانی بەتەواوی فەوتاندووە و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی حەفتانەی خانەنشینان دژ بە کەمیی مووچە و خراپیی گوزەرانیان بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی تاران دەرگایان بە ڕووی هەر جۆرە باشترکردنی بژێویی خەڵکدا داخست.
حەمید پوورمحەممەدی، بەرپرسی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە دەوڵەت "ئێستا هیچ بەرنامەیەکی بۆ زیادکردنی سەرلەنوێی مووچەی کارمەندان و خانەنشینان نییە."
ئەم لێدوانەی بەرپرسانی دەوڵەت لەکاتێکدایە کە سفرەی خانەنشینان ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە و مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان جەخت لەسەر نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکەنەوە.
پوورمحەممەدی بە پاساوی "سنوورداربوونی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت" و پێویستیی ئەولەویەتبەندیی تێچووەکان، بەرپرسیارییەتیی دەوڵەتی لە بەرانبەر دابینکردنی لانیکەمی بژێویی هاووڵاتییاندا وەلا ناوە.
ئەم ڕەتکردنەوەی دەوڵەت لەکاتێکدایە کە ژیانی چەندین میلیۆن کارمەند و خانەنشین لە ژێر گوشاری هەڵاوساندا داڕماوە، ڕەنگدانەوەی ئاشکرای بەردەوامیی سیاسەتی داسەپاندنی هەژاریی بەکۆمەڵ و گوێنەدان بە هاواری ناڕەزایەتیی شەقامە.