کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان

14:40 - 13 رەزبەر 2726

بەبۆنەی ١٣ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی مامۆستایان، ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (مەریوان و سەوڵاوا، سەقز و زیویە، سنە) بەیاننامەیەکی فەرمیی بڵاو کردەوە.

ئەو ئەنجومەنە لە بەیاننامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر دروشمی ساڵی ٢٠٢٦ی ڕێکخراوی جیهانیی پەروەردە سەبارەت بە "پشتیوانیکردن لە مامۆستایان بۆ بنیاتنانی داهاتوو" و ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ سیستمێکی پەروەردە بەبێ دابینکردنی ئەمنییەت، ئازادی، کەرامەت و بژێویی شایستە بۆ مامۆستایان سەرکەوتوو نابێت.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە ئێراندا، بەهۆی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، جیاکاری لە پۆلێنکردنی قوتابخانەکان، نەبوونی ئەمنییەتی کار و گوشاری ئەمنییەتیی توند، پیشەی مامۆستایەتی بووەتە کارێکی پڕ لە گوشار و ئاستەنگ.

ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵامی دەسەڵات بۆ داواکارییە یاساییەکانی مامۆستایان بەردەوام لە ڕێگەی سەرکوت، گرتن، دەرکردن و دروستکردنی دۆسییەی دادوەری بووە.

بەیاننامەکە بەتایبەتی ئاماژەی بە دۆخی پارێزگای سنە کردووە، کە تێیدا بێبەشکاریی ئابووری و جیاکاریی پەروەردەیی بەراورد بە ناوچەکانی دیکە قووڵترە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە گوشارە ئەمنییەتییەکان، بەربەست و دەرکردنی مامۆستایان بەشێوەیەکی بەربڵاوتر پەیڕەو دەکرێت.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە سەرەڕای هەموو گوشارەکان، بەدەنگێکی ڕاساوەوە داوای "پەروەردەی دادپەروەرانە و شیاو بۆ هەموو قوتابییان"، "مافی خوێندن بە زمانی دایکی"، "کەرامەت و بژێویی سەربەرزانە بۆ مامۆستایان"، "ئازادکردنی دەستبەجێی مامۆستایانی بەندکراو"، "گەڕانەوەی مامۆستایانی دەرکراو بۆ سەر کارەکانیان"، "بەفەرمیناسینی مافی پێکهێنانی ڕێکخراو و ناڕەزایەتیی سەندیکایی" و "کۆتاییهێنان بە کەشی ترس، هەڕەشە و سیخوڕی لە قوتابخانەکاندا" دەکات و جەخت دەکاتەوە تا ئەم هۆکارانە جێبەجێ نەکرێن، سیستەمی پەروەردە لە قەیرانی ناکارامەیی ڕزگاری نابێت.