حوسێن ڕەحیمی، سەرۆکی پۆلیسی ئەمنیەتی ئابووریی فەراجا لە ئێران، ڕاگەیاندن و ماڵپەڕە ناوخۆییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی نرخی دراو کە بە "نرخی بڵق ئاسای دراو" ناوی بردووە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و دادوەری دەبنەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دراوەکانی دیکە ئەنجامی "پڕوپاگەندە" و بڵاوکردنەوەی نرخی ناڕاستە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵاتەوە، و داوای کردووە ماڵپەڕ و کەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی ئێراندا خۆ لە بڵاوکردنەوەی ئەو نرخە ناڕاستانە بپارێزن.
سەرۆکی پۆلیسی ئەمنییەتی ئابووری هۆشداریی داوە کە پۆلیس لەمەودوا بەتوندی بەرەنگاری ئەو ماڵپەڕ و ڕاگەیاندنانە دەبێتەوە کە ئەم نرخانه بڵاو دەکەنەوە و دۆسییەی دادوەرییان بۆ دەکەنەوە.
ئەم لێدوان و هەڕەشەیە لەکاتێکدایە کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و نالەباربوونی دۆخی ئابووریی خەڵک، ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی زیاتر کردووە و ڕێژیم بەم چەشنە هەڵوێستانە دەیەوێ پیش بەم سەرهەڵدانانە بگرێت.