لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هۆشدارییەکانیان دژی بەکارهێنانی ئینتێرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" توندتر کردووەتەوە.
محەممەدئەمین ئاغامیری، سەرۆکی ناوەندی میللیی فەزای مەجازی، ڕۆژی دۆشەممە ١٣ی ڕەزبەر هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد وەک ئامرازی شەڕ بەکار بهێنرێت، دەبێتە "ئامانجێکی سەربازیی ڕەوا". ناوبراو ئیدیعای کرد کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی تەکنیکیدا ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ناوەندانە هەیە و پێشتریش لە ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤دا توانیویەتی ترمیناڵەکانی ستارلینک پەک بخات.
شایانی باسە دەسەڵاتدارانی تاران بەردەوام لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا تۆڕی ئینتێرنێت دەپچڕێنن؛ لەوانە پچڕاندنی ٨٨ ڕۆژەی ئینتێرنێت دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو. شارەزایانی ئاسایشی سایبێری جەخت دەکەنەوە کە توانای ستارلینک بۆ تێپەڕاندنی فیلتەرینگی حکوومەت، هۆکاری سەرەکیی ترس و هۆشدارییە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئێرانییە.