هەواڵدەریی "بلومبێرگ" لە وتارێکدا ئاشکرای کرد کە گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامانجەکانی خۆی پێکاوە و لە ئێستادا دانوستانکارانی تاران بەپەلە هەوڵی بازدان و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی مانگی جۆزەردانی ڕابردوو دەدەن.
بەپێی ئەو وتارە، واشنگتۆن لە ڕێگەی بلۆکەکردنی هەناردەی نەوت و توندکردنەوەی گەمارۆکانەوە ئابووریی ئێرانی خنکاندووە، هاوکات ڕێڕەوێکی ئارامی بۆ کەشتیوانیی کەنداو دابین کردووە.
هەڵسەنگاندنەکانی "جی پی مۆرگان" و "گۆڵدمان ساکس" دەریانخستووە کە هەناردەی نەوتی خاو ڕووی لە دابەزین کردووە؛ ئەمەش هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکانی تارانە بۆ ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی لە بەرانبەر کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و گەڕانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان.
نووسەرانی بلومبێرگ پێیان وایە کە هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرەکان لە هاوینی ئەمساڵدا، لە ترسی لەدەستدانی کارتی گوشاری تاران بوو، دوای ئەوەی ئەمریکا کەشتییەکانی ناچار کرد لە نزیک ئاوەکانی عومانەوە تێپەڕ ببن.
لە بەرانبەردا، کۆشکی سپی پێش ئازادکردنی داراییەکان، داوای بەڵێنی ڕوونتر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان دەکات و بەهۆی نەبوونی متمانەی دوو لایەنەوە بنبەست دروست بووە.
لەگەڵ ڕەوانەکردنی ناوگانی جەنگیی سێیەمی ئەمریکا و هەزاران هێزی دیکە بۆ ناوچەکە، بلومبێرگ هۆشداری دەدات کە دەسەڵاتدارانی توندڕۆ لە تاران ئەم ململانێیە وەک شەڕی مان و نەمانی خۆیان دەبینن و هیچ گرنگییەک بە ئازاری خەڵک نادەن.
بلومبێرگ جەختی کردووەتەوە ئەگەری ئەوە زیاترە کە ڕێژیمی ئێران لەجیاتی تەسلیمبوون لە بەرانبەر گوشاری ئابووریدا، هێرش بکەنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کەنداو.