بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەزبەر، لە ڕێوڕەسمی سێیەمین ساڵیادی هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبردا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ڕێگە نادات ئێران ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر بوونی وڵاتەکەی.
نێتانیاهوو لەو ڕێوڕەسمەدا جەختی کردەوە کە دەسەڵاتی ئێران لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە، بۆ مانەوەی شەڕ دەکات و لە کۆتاییدا لەنێو دەچێت.
نێتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی خاوەنی "پلانێکی سێ قۆناغی" بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل بووە؛ لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزە نیابەتییەکانی لە دەورووبەری ئیسرائیل، ئاراستەکردنی هەزاران مووشەک بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل و لە کۆتاییدا بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە هێزەکانیان توانای گرووپە نیابەتییەکانی ئێرانیان لاواز کردووە و دوژمنەکانیان لە سنوورەکان دوور خستووەتەوە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ئیسرائیل کۆگاکانی مووشەکی بالستیکی لە نێوخۆی ئێران و بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بە زانایان و بنکە جۆراوجۆرەکانییەوە ئامانج گرتووە.
لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکانیدا، نێتانیاهوو جەختی کردەوە کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبر یان بەبارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ئیسرڕائیلدا هەبووە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە حەماس چیتر لە غەززە حوکمڕانی ناکات.
سەبارەت بە بەیرووت، نێتانیاهوو ڕایگەیاند کە ئیسرائیل درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا دەدات، بەڵام هاوکات هەوڵی دروستکردنی دەرفەتێک بۆ ئاشتی لەگەڵ ڕێژەی هەرە زۆری خەڵکی لوبنانیش دەدات کە خوازیاری ئاشتیین لەگەڵ ئیسرائیلدا.