مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕەزبەر، لە پاش لەسێدارەدانی عەلیڕەزا سپاهی، یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسییەی ناسراو بە "مەیدانی عەلیخانی"ی ئێسفەهان، کاردانەوەی نیشان دا.
ساتۆ بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک بە زمانی فارسی لە تۆڕی ئێکس لە سەرەتادا، چیرۆکی شەوی ٥ی گەلاوێژ لە مەیدانی عەلیخانی ئێسفەهان و چارەنووسی عەلیڕەزا سپاهی گێڕاوەتەوە.
ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی کە لە شەوی ٥ی گەلاوێژدا خەڵک تا بەرەبەیانیی لە مەیدانی عەلیخانی ماونەتەوە؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا پەتی سێدارە بۆ سێ کەس لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ هەڵواسرابوو و بنەماڵەکانیش بانگ کرابوون.
ساتۆ ڕاشیگەیاند کە خەڵک بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانەکان چوونەتە شوێنەکە و سەرەڕای هەڵسوکەوتی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان تا کاتی کۆتایی ماونەتەوە.
ساتۆ ئەم هەڵوێستەی بە جووڵەیەکی "قووڵی مرۆڤانە" وەسف کرد و نووسیویەتی: "وەستان لە تاریکیدا بۆ ئەوەی مرۆڤێکی تر ناچار نەبێت بەتەنیا ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە".
هەرکام لە عەلیڕەزا سپاهی و عەلیڕەزا ڕەئیسی، دوو کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی ڕەزبەر، لە زیندانی دەستگێردی ئێسفەهان لە سێدارە دران.
لە دۆسییەی ناسراو بە مەیدانی عەلیخانیدا کە پەیوەندیی بە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە هەیە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە چوار چەکداری یەکەی تایبەت و بەسیج کوژراون.
شایانی باسە عرفان ئێسفەندیاری و گوڵمحەممەد محەممەدی، دوو تۆمەتباری تری ئەم دۆسییەیە، لە ٢٨ی پووشپەڕدا، ئەبولفەزل سپاهی و ئەمیرحوسێن سەفەری لە بەرەبەیانیی ٦ی گەلاوێژ و قائێم حوسێنی ٢٩ی گەلاوێژ لە سێدارە دراون.
لە قۆناغی سەرەتاییدا، ١٥ تۆمەتباری ئەم دۆسییەیە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و بەپێی زانیارییە ڕاگەیەندراوەکانی پارێزەر، سزای یەکێک لە تۆمەتباران لە دەزگای دادوەریی باڵادا هەڵوەشاوەتەوە و سزای لەسێدارەدانی ١٤ تۆمەتباری تر پشتڕاست کراوەتەوە.