کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەرووی هۆرمۆز؛ پێگەی دەریایی بریتانیا بەئامانجگرتنی سێ کەشتیی بازرگانی ڕاگەیاند

12:49 - 9 رەزبەر 2726

ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند لە بەشی باشووری گەرووی هۆرمۆز سێ کەشتی کەوتوونەتە بەر هێرش؛ هێرشێک کە ئاستی گرژی و هەڕەشە ئەمنییەتییەکانی لەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتێژییەدا گەیاندووەتە لووتکە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، دوو لە کەشتییە بەئامانجکراوەکان نەوتهەڵگر بوون کە یەکێکیان لە بەشی چەپەوە پێکراوە و تووشی زیان بووە و کەشتیی سێیەم تایبەت بە گواستنەوەی گازی سروشتیی شلکراوە (LNG) بووە.

ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا کاتی وردی ڕوودانی ئەم هێرشانەی ڕانەگەیاندووە.

ئەم ئاڵۆزکارییە دەریاییانە ڕاستەوخۆ دوای هەڕەشەکانی حوسێن موحبی، وتەبێژی سپای تێرۆریستیی پاسداران دێن کە وتبووی هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین لە گەرووی هۆرمۆز بدات، "یان بەئامانجی دەگرین یان بەر مین دەکەوێت."

ئەو ئاڵۆزییە تازەیە لەکاتێکدایە کە دوو شەو پێشتریش هەواڵی بەئامانجگرتنی گەورە‌نەوتهەڵگرێکی کوەیتی لە هەمان ناوچەدا بڵاو ببووەوە.