کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی بەفرانباری ڕابردووە تا ئێستا لانیکەم ٧٠ زندانیی سیاسی لە سێدارە دراون

09:02 - 14 رەزبەر 2726

 

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناڕه‌زایەتییەکانی مانگی بەفرانبارەوە تا ئیستا، لانیکەم ۷۰ زندانیی سیاسیی لە سێدارە داوە کە لانیکەم نیوەیان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم ناڕه‌زایەتییانەدا سزا دراون. ١٩٤ کەسی دیکەش، لەوانە ١١٣ کەس لە دەسبەسەرکراوانی هەمان ناڕه‌زایەتییەکان، لەژێر مەترسیی سزای لەسێدارەداندان.

لەم ماوەیەدا، ٣٥ کەس لە دۆسییە پەیوەندیدارەکان بە ناڕه‌زایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، ٩ کەس لە دۆسییە پەیوەندیدارەکان بە شەڕی ١٢ و ٤٠ ڕۆژە و ٢٦ کەسی دیکە لە دۆسییە سیاسی و ئیدیۆلۆژییە جیاوازەکاندا لە سێدارە دراون.

لەسێدارەدانی زندانییە سیاسییەکان لەم ماوە زەمەنییەدا لە حاڵێکدا توندتر بووەوە کە دەسبەسەرکردن و دروستکردنی دۆسییە بۆ بەشێک لەوان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێشوو وەک ناڕه‌زایەتییەکانی «ژن، ژیان، ئازادی» تا ئەو دۆسییانەی کە تۆمەتبارانیان نزیکەی ٩ ساڵ لە زینداندا بوون.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران تا ١١ی ڕەزبەر، لەسێدارەدانی ٣٥ کەسی لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕه‌زایەتییەکانی مانگی بەفرانبار تۆمار کردووە.

هەروەها لەو ڕێژەیە، ١٣ کەس بە تۆمەتی هاوکاری یان ئەندامەتی لە حیزب و ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆندا لە سێدارە دراون: ٩ کەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک، دوو کەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چوار کەس بە تۆمەتی ئەندامەتی لە جەیشولئەحرار و ئەنسارولفەرقان. پێشینەی ئەم دۆسییانە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ناڕه‌زایەتییەکانی مانگی بەفرانبار و دوو شەڕەکەی ئەم دواییە.

هاوکات حەوت کەسی دیکەش بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە دراون.

هەروەها لە کۆی ئەو ١٩٤ زندانییە سیاسییەکەی مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە، ١٣ کەسیان ژن و ٧ کەسیشیان منداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵن.