بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار، قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی کۆنەخانێیان کردووەتە مۆڵگەی هێزەکانیان.
بەپێی ئەو زانیارییانە، ماوەیەکی زۆرە ڕێژیم ئەو قوتابخانەیەی کردووەتە شوێنی حەوانەی چەکدارەکانی، بەڵام لە ئێستادا کە کاتی وانەوتنەوەیە، قوتابییان لە ئاواییەکانی دەوروبەرەوە کە دەچن بۆ خوێندن، لە شوێنی مانەوە و خوێندن شەوانەیان بێبەشن.
هەر لەو قوتابخانەیەدا ئێستا ڕێژیم دەستی بەسەر خەوتنگەکەیشیاندا گرتووە و هێزی لێ جێگیر کردووە.
سەرەڕای گرانی و زۆربوونی تێچووی خوێندن، بەهۆی داگیرکردنی قوتابخانە و شوێنی حەوانەی قوتابییان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، بنەماڵەی ئەو قوتابییانە تووشی کێشە بوونەتەوە و ناچارن بەیانیان مناڵەکان ببەنە قوتابخانە و کاتی تەواوبوونی وانەکانیش، مناڵەکان ببەنەوە ماڵی خۆیان.
شایانی باسە پێشتریش هەواڵی دەسبەسەرداگرتنی خەوتنگەی دواناوەندیی شەوانەڕۆژیی کوڕانەی "موتەهەری"یمان لە شاری زەڕینە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە بڵاو کردبووەوە کە بەهۆی ئاکاری هێزەکانی ڕێژیمەوە، قوتابییانی ئاواییە دوورەدەستەکان ناتوانن خەوتنگەکە بەکار بهێنن و ناچار دەبن ڕۆژانە ڕێگەیەکی سەخت و درێژ ببڕن.
کەڵکوەرگرتنی سەربازی لە خەوتنگە و بنکە پەروەردەییەکان جگە لە بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندن، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە جەخت لە پاراستنی کەشی مەدەنیی ناوەندەکانی فێرکاری لە ململانێ چەکدارییەکاندا دەکەنەوە.