بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەمریکا و ٩ وڵاتی دیکەی ئەمریکای لاتین و باکوور، کردەوە تێرۆریستییەکان و چالاکییە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە نیمچەگۆی ڕۆژاوا بەتوندی مەحکووم کران.
ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییە دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی واشنگتۆن و پاراگۆئێ لەژێر ناوی "کۆبوونەوەی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی دەرەوەی سنوور" بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری بۆ بەرپەرچدانەوە و پەکخستنی جموجۆڵە تێرۆریستییەکانی تاران لە ناوچەکەدا هات.
وڵاتانی واژۆکەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریتیین لە داڕشتنی پیلانی کوشتن، دابینکردنی دارایی نایاسایی، دەستێوەردانی سیاسی، بڵاوکردنەوەی کاریگەریی دەرەکی، هەروەها بەهێزکردنی تۆڕە تێرۆریستییەکان و دروستکردنی گوشاری بەردەوام لەسەر نەیارانی دەسەڵات.
لە بەرانبەردا جەختیان لەسەر یەکگرتوویی تۆکمەی خۆیان بۆ پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتییانیان لەم هەڕەشە مەترسیدارانە کردەوە و داوایان کرد ئێران دەستبەجێ ئەم هەنگاوانە ڕابگرێت.
نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار، ستایشی هەنگاوە بەرچاوەکانی وڵاتانی ناوچەکەیان لە بەرپەرچدانەوەی پیلانە مەرگهێنەرەکانی تاراندا کرد؛ هاوکات جەختیان لەسەر سووربوونی خۆیان بۆ گرتنەبەری ڕێکاری توندتر و بەهێزکردنی هاواهەنگییە ئەمنییەتییەکان کردەوە.
ئەم بەیاننامەیە بە واژۆی فەرمیی دەوڵەتانی ئەمریکا، ئاڕژانتین، کانادا، کۆلۆمبیا، کاستاریکا، کۆماری دۆمینیکەن، گویانا، پاراگۆئێ، پێرو و ترینیداد و تۆباگۆ گەیشتووە.