
عادڵ درەخشانی
وتارەکەی مەسعوود پزشکیان لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمەڵێک لێدوانی دژبەیەک بوو لە چوارچێوەی گوتارێکی ناتەبادا: زمانێکی بازاڕی، تۆنێکی تێکەڵ بە هەڕەشە و پاڕانەوە بۆ گوێگرانی نێوخۆیی و دژبەرانی دەرەکی؛ هاوکات هەوڵدان بۆ نواندنی سیمایەکی بەهێز لە بەرامبەر زلهێزانی جیهاندا، بێگومان بە دەنگێکی لەرزۆکەوە.
پزشکیان دیسان تێکۆشا لە زمانی «خەڵکی ئێران»ەوە بدوێت؛ وەک ئەوەی دەسەڵاتی سەرکوتکەر و کۆمەڵگەی وەزاڵەهاتوو، خاوەنی یەک دەنگ و یەک ئیرادەی هاوبەش بن! ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاستی شەرعییەتی ڕێژیم لە نێوخۆی ئێران لە نزمترین ئاستی خۆیدایە و کۆمەڵگە لە لێواری لێکترازاندایە.
پزشکیان ئیدیعای کرد: «ئێمە تێرۆریست نین، ئێمە قوربانیی تێرۆرین».
ڕێک لەم خاڵەدایە کە یەکەم پرسیاری بنەڕەتی دێتە ئاراوە: ئایا دەکرێ مرۆڤ خۆی تەنیا وەک قوربانیی تێرۆریزم پێشان بدات و هاوکات پەردەپۆشی کارنامەی خوێناویی نیو سەدە تێرۆریزمی دەوڵەتیش بکات؟
هەر لە یەکەم مانگەکانی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، کوردستان سەرەکیترین مەیدانی سەرکوت و سەپاندنی هێزی ڕێژیم بوو. لە گەلاوێژی ١٣٥٨دا خومەینی فەتوای جیهادی دژی کوردستان دا و فەرمانی هێرشی زەمینی، ئاسمانی و تەنانەت دەریاییشی بۆ سەر کوردستان دەرکرد؛ چونکە لەو کاتەدا خومەینی وای دەزانی لە ڕێگەی دەریاشەوە دەتوانرێت هێرش بکرێتە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان! هێرشەکان لە پاوەوە دەستی پێ کرد و ماشێنی شەڕ و کوشتار و ئیعدامی بەکۆمەڵ لە کوردستان کەوتە گەڕ؛ زنجیرەیەک لە توندوتیژیی سیستماتیک کە هەتا ئەمڕۆش بێوچان بەردەوامە.
دوای چوار دەیە، لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا، کۆمەڵکوژییەکی سامناک بۆ سەر نزیکەی ١٥٠٠ هاووڵاتی—لە ژن، پیاو و منداڵ—لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان تۆمار کرا؛ لەم تاوانەدا، بە بڕینی سەرتاسەریی هێڵی ئینتەرنێت، پەردە بەسەر کۆمەڵکوژیی شەقامەکانی ئێراندا کێشرا و لە چاوی جیهانیان شاردرایەوە.
سێ ساڵ دواتر، ناوی ژینا ئەمینی بووە هێمای بەرخودانی کوردستان و چەخماخەی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە ئێرانی لێ کەوتەوە. دواتر کۆمیتەی بەدواداچوونی ڕاستییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی ڕایگەیاند کە ژینا لە دەستبەسەرگەی گەشتی ئیرشاددا کەوتووەتە بەر توندوتیژیی جەستەیی و حکوومەتی ئێران بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی گیانلەدەستدانیەتی. هەمان سەرچاوە بە پشتڕاستکردنەوەی ئاماری لانیکەم ٥٥١ کوژراو لە ڕەوتی شۆڕشی سەرتاسەریی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، پەردەی لەسەر تاوانگەلێکی وەک ئەشکەنجە، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی هەڵدایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دواتر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی نێوخۆی ئێران، ڕێژەی کوژراوەکانی بە ١٥٠٠ کەس خەمڵاند. لەوەش زیاتر، لە نوێترین نموونەی سەرکوتی خوێناویدا لە ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویدا، هەزاران خۆپیشاندەر لە شەقامەکانی ئێران بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرکوتی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی شۆکی یەکێک لە دڕندانەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی هاوچەرخ بوو.
ئێستا پرسیار ئەوەیە: کاتێک پزشکیان هەوڵی ناساندنی ئەم ڕێژیمە دەدات وەک «قوربانیی تێرۆریزم»، قوربانیانی بێئەژماری توندوتیژی و کوشتاری دەوڵەتی لە نێوخۆی ئێراندا لە کوێی ئەم ئیدیعا و شانۆگەرییەدان؟
ئەگەر بابەتەکە مافی نێودەوڵەتی و تێرۆریزمە، پەڕاوە تێرۆریستییە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لە سنوورەکانی ئێرانیش هەرگیز لەبیر ناچنەوە؛ لەوانەش تاوانی تێرۆریستیی بۆمبڕێژکردنی ناوەندی جوولەکەکان (ئامیا - AMIA) لە بوێنس ئایرێس.
لە ساڵی ١٩٩٤دا، تەقینەوەیەکی تۆقێنەر ئەو ناوەندەی داڕماند؛ ٨٥ مرۆڤ گیانیان لەدەست دا و سەدانی دیکەش بریندار بوون. سی ساڵ دواتر، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، باڵاترین دادگای تاوانەکانی ئەرژەنتین ئەو پەلامارەی وەک نموونەی بەرچاوی «تاوان دژ بە مرۆڤایەتی» پێناسە کرد و بە ڕاشکاوی بڕیاری دا کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنان و لەسەر بنەمای بڕیارێکی ستراتیژی لە تارانەوە جێبەجێ کراوە؛ ڕێک وەک چۆن دۆسیەی تێرۆری ڕەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان، لەلایەن حیزبوڵڵا و لە پێناو پەرەپێدانی دەسەڵاتی ناڕەوای ئەم گرووپە و پشتیوانەکانی، لە تارانەوە پلانڕێژیی بۆ کرابوو.
پزشکیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و نەبوونی چوارچێوەی یاسایی بۆ ئەم بابەتە دەربڕی.
بەڵام ئەگەر کوشتنی ڕێبەرێکی سیاسی بەبێ تێپەڕاندنی ڕێکارە یاساییە نێودەوڵەتییەکان مەحکوومە، ئایا نابێ هەمان پێوەر بۆ نەیارانی سیاسی و تێرۆری ڕێبەرانی کورد و خەباتکارانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش پەیڕەو بکرێت؟ تێرۆری ڕێبەرانی کورد لە ڤییەن، بێرلین و هەولێر، تێرۆری سەدان تێکۆشەری سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ئورووپا، و ئیعدامە مەیدانییەکان لە چ شوێنێکی لۆژیکی یاسایی ڕێژیمی ئێراندا جێگەیان دەبێتەوە؟
پزشکیان دواتر باسی لە کوژرانی ژنان و منداڵان لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد. لەم بارەیەوە، تەنانەت کاتێک لێژنەی لێکۆڵەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێکۆڵینەوەی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر قوتابخانەی «شەجەرەی تەییبە» لە مینابدا ڕایگەیاند کە بەڵگەی سەلمێنەر هەیە لەسەر ئەگەری ڕوودانی تاوانی جەنگ و گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٥٠ مرۆڤ—کە نزیکەی ١٢٠یان منداڵ بوون—کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕەخنەگران خوازیاری لێپرسینەوە و شەفافییەت بوون.
بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ هەڵبژاردەیی نییە و دەبێ هەمان پێوەرەکان ڕێک بەسەر کارکردی حکوومەتی ئێرانیشدا جێبەجێ بکرێن. هەمان دامەزراوە مافپەروەرەکان چەندین جار ڕاپۆرتیان داوە کە حکوومەتی ئێران لە سەرکوتی ناڕازییاندا سڵی لە تەقەی ڕاستەوخۆ بە چەکی نیوەقورس، دۆشکە، گازی ژەهراوی، ئەشکەنجەی بێبەزەییانە، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و تەنانەت وەرگرتنی «پارەی فیشەک» و باجسەندن لە بنەماڵەی کوژراوەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکانیان نەکردووەتەوە. کەرامەت و مافەکانی مرۆڤ چەمکێکی جیهانیین و ناکرێ مرۆڤ تەنیا کاتێک پەنایان بۆ ببات کە پێشێلکارییەکان بەرەوڕووی ڕێژیمی ئێران دەبنەوە، لە کاتێکدا پەردە بەسەر تاوانە بێکۆتاییەکانی خۆیدا بکێشێت.
پزشکیان هەروەها ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئێران زیاتر لە دووسەد ساڵە پەلاماری سەربازیی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک.
بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆدا، دەستدرێژی و دەستتێوەردانی سەربازی تەنیا بە پەڕینەوەی یەکەکانی زرێپۆش و سوپای کلاسیک لە هێڵە سنوورییەکان پێناسە ناکرێت. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا تۆڕێکی چەکداری لە میلیشیا بەکرێگیراو و تائیفییەکان لە لوبنان، عێراق، سووریە و یەمەن پڕچەک کردووە و فەرماندەیی کردوون. بەڵگە باوەڕپێکراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕوونی ئەوە دەسەلمێنن کە دابینکردنی دارایی، کەرەستەی سەربازی و ڕێنوێنیی ئۆپەراسیۆنیی ئەم گرووپانە—لەوانەش حووسییەکانی یەمەن—بەرهەمی ڕاستەوخۆی ستراتیژییەکانی تاران بووە.
کەواتە پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوە نییە کە سوپای کلاسیکی ئێران کەی سنوورەکانی بەزاندووە؛ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە ڕێژیم بە دروستکردنی تۆڕەکانی تێرۆر و نائارامکردن، چۆن تەناهی و ئاسایشی ناوچەکەی بە بارمتە گرتووە؟ وەرچەرخانی ئەم سیاسەتە وێرانکەرە، لە پڕچەککردن، داڕشتن و پشتیوانیی لۆجستی لە هێرشە تێرۆریستییەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنیی ئیسرائیلدا دەرکەوت؛ تاوانێک کە تێیدا نزیکەی ١٢٠٠ مرۆڤی بێپەنا کۆمەڵکوژ کران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی خستە نێو ئاگری وێرانکارییەوە.
و دواجار، پرسی دۆسیەی ئەتۆمی.
پزشکیان ئیدیعای کرد ئێران تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی تەنیا بۆ گەشەپێدان و مەبەستی ئاشتیخوازانە دەوێت، نەک بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی.
بەڵام دیواری بێمتمانەییی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دووپاتکردنەوەی دروشمی سواو و بێزارکەر ناڕووخێت. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕاپۆرتی دا کە کۆماری ئیسلامی تەنیا وڵاتی بێ چەکی ئەتۆمییە لە جیهاندا کە ئۆرانیۆم بە ڕێژەی نیگەرانکەری ٦٠ لەسەد دەپیتێنێت؛ بابەتێک کە لە ڕوانگەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییەوە، هەڕەشەیەکی نائاساییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان. ئەم ژمارە و ئامارە تەکنیکی و حاشاهەڵنەگرانە بەڕوونی نیشانی دەدەن کە بۆچی دروشمی «کەڵکوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی» هیچ کڕیارێکی لە جیهانی ئازاددا نەماوە.
بە دڵنیاییەوە ئەوەی جێگای سەرنجی هەموو لێکۆڵەرانە، سەرۆککۆماری ئێران بە دروشمی مەزڵوومییەت و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە هەڕەشەی لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانیش دەکرد؛ باسی لە مافی نێودەوڵەتی دەکرد بەڵام پشتی بە باجسەندنی ناوچەیی دەبەست؛ دەستی دانوستانی درێژ دەکرد بەڵام هۆشداریی دەدا کە بۆ جموجووڵەکانی لە کەس مۆڵەت وەرناگرێت.
بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە تەنانەت کەسایەتیی مەسعوود پزشکیانیش نییە؛ بەڵکوو هەوڵی پێشاندانی سیمایەکی عاقڵ و ماقووڵ لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو. هەوڵێکی چەواشەکارانە کە تێیدا:
• باسی قوربانیانی تێرۆریزم کرا، بەڵام باسی تاوانی تێرۆریستیی ڤییەن، بێرلین و ئامیا نا!
• باسی پێوەرەکانی مافی نێودەوڵەتی کرا، بەڵام باسی کارەساتەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و کوشتنی ژینا نا!
• لافی دووسەد ساڵ دەستدرێژینەکردنی سەربازی لێ درا، بەڵام باسی تۆڕە تێرۆریستییە نیابەتییەکان لە ناوچەکەدا نا!
• و ئیدیعای ئامانجی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمی کرا، بەڵام لەسەر مەترسییەکانی پیتاندنی ٦٠ لەسەدی وشەیەکیش نەدرکێندرا!
لە پشت مینبەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێ وشەکان بچنیت و نمایشێکی ساختە ساز بکەیت؛ بەڵام مێژوو بە چەند ئیدیعایەکی بێبنەما ناگۆڕدرێت:
خوێنە ڕژاوەکانی کوردستان، کارەساتی خەزەڵوەری ٩٨، خوێنی پاکی ژینا ئەمینی و کومار دەرئۆفتادە، کۆمەڵکوژیی دڕندانەی بەفرانباری ١٤٠٤، مووشەکبارانکردنی کەمپەکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنی توندڕەوی و بناژۆخوازی، دروستکردنی تۆڕی میلیشیا تێرۆریستییەکان و بەفیڕۆدانی سەرمایە مرۆیی و ئابوورییەکانی وڵاتێکی دەوڵەمەند لە ماوەی پەنجا ساڵدا، هەموویان بەشێکی دانەبڕاون لە هەمان تابلۆ و ڕووخساری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی.
ئێستا جیهان ڕووی ڕاستەقینەی ئەم ڕێژیمە بەبێ هیچ دەستکارییەک دەبینێت؛ و لە پشت تەواوی ئەم نمایش و لێدوانە پڕوپووچانەوە، تەنیا ڕاستییەک کە لە ڕووخساری پزشکیان بەدی دەکرا، ترسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بوو؛ ترس لە ڕووخان و داڕمان.