کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی هەناسە لە پارێزگای سنە؛ کەمی و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی واکسەن

09:44 - 14 رەزبەر 2726

هەڵکشانی بەرچاوی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسە لە پارێزگای سنە وایکردووە کە ئاماری سەردانکردنی سەرپێیی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە ڕێژەی نزیکەی ٥٠٪ زیادی بکات و ئاماری نەخۆشە خەوێندراوەکان لە نەخۆشخانەکاندا لە نیوەی دووەمی خەرمانانی ئەوساڵدا دوو بەرابەر ببێتەوە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خێرای ویروسەکانی کۆڤید-١٩(کۆرۆنا) و ئانفوڵانزا، ئاستەنگ و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە واکسەنی ئانفوڵانزا بووەتە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە، ژمارەی سەردان کردن لە ٦ هەزار و ٥٢٠ کەسەوە لە نیوەی یەکەمی خەرماناندا بۆ ٩ هەزار و ٦٨٤ کەس لە نیوەی دووەمی مانگدا زیادی کردووە.

ڕێژەی نموونە ئەرێنییەکانی کۆرۆنا لە نیوەی دووەمی مانگی خەرماناندا بە ٦.٣٪ ڕاگەیەندراوە، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە نیوەی یەکەمی مانگدا ١.٦٪ بووە.

هاوکات ڕێژەی حاڵەتە ئەرێنییەکانی ئانفوڵانزا لە نیوەی دووەمی خەرماناندا بە ٣.٩٪ ڕاگەیەندراوە.

هەروەها، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی بەهۆی نیشانەکانی هەناسەدانەوە پێویستیان بە خەواندن لە نەخۆشخانە بووە، لە ۱۳۱ کەسەوە لە نیوەی یەکەمی خەرماناندا گەیشتووەتە ۲۶۰ کەس لە نیوەی دووەمی مانگدا؛ واتە ژمارەی خەوێندراوان نزیکەی دوو هێندە بووەتەوە.

لەم نێوەشدا، بەردەوامیی وانەکانی قوتابخانەکان بەشێوەی حزووری، وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان تەماشا دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، دابەشکردنی نادادپەروەرانەی واکسەن و کەمیی بڕەکەی لە دەرمانخانەکانی پارێزگای سنەدا، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خێزانەکان، بەتایبەت ئەو بنەماڵانەی خاوەنی نەخۆشییە تایبەتەکانن کە وەرگرتنی واکسەن بۆ ئەوان پێویستی بە تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان لە سامانەی تایبەت و پەسەندکردنی لەلایەن زانکۆی زانستە پزیشکییەکانەوە هەیە.