لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو هەرکام لە جەمیل خوداڕەحمی، هێرش ناوگران و جەمیل ئەحمەدی سێ هاووڵاتیی سنەیی بە بەندکران و پێبژاردنی نەختی سزا دراون و هەروەها فواد قادری پەرستاری خەڵکی جوانڕۆ، دوای ١٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی لەسەر چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕەزبەر، ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕایگەیاند: جەماڵ خوداڕەحمی کە لە ١٤ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە سنە دەسبەسەر کرا و دوای ٢٥ ڕۆژ، بە دانانی بارمتە و تا کاتی دادگاییکردنەکەی بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا، بە دوو ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی چوار میلیۆن تمەن پارە سزا درا.
لە دۆسییەیەکی دیکەدا، هێرش ناوگران، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لە ڕۆژی ٥ی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و پێشتر ماوەی شەش مانگ سزای بەندکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە تێپەڕاندبوو و لە دۆسییەیەکی دیکەشدا، سزای سێ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی "خۆڕاگری"، جەمیل ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی و وەرزشوانی بواری کۆنگفوو و خەڵکی سنە، لەلایەن لقی ٢ی بەناو دادگای ئینقلاب لە سنە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم"، سزای ساڵێک بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.
فواد قادری، پەرستاری خەڵکی جوانڕۆ، دوای ١٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی، لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی توند لە گرتنگەی یەکێک لە ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان گواستراوەتەوە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە ژووری تاکەکەسیی ئەم بەندیخانەیەدا، لە بارودۆخێکی جەستەیی دژواردا و بە شوێنەواری شکاویی پەراسوو و لووتیەوە بەهۆی ئەشکەنجەی قورسەوە ڕاگیراوە و لە هەر جۆرە چارەسەرێکی پزیشکی، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.