بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "جرۆزاڵم پۆست"، حیزبی دێموکرات مەسیحی نۆروێژ پێشنیارێکی بۆ ئامادەکردنی لێستێکی سەربەخۆی ڕەشی تێرۆریستی خستووەتە ڕوو کە ڕێکخراوەکانی سپای پاسداران، حەماس، حیزبوڵڵا و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین دەگرێتەوە.
لە ئێستادا نۆروێژ خاوەنی لیستی سەربەخۆی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان نییە و تەنیا پشت بە چوارچێوەی سزاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت.
بەپێی سەرچاوەکە، پارلەمانی ئەو وڵاتە دەنگ لەسەر ڕاسپاردنی حکوومەت بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی تایبەت بەم لیستە دەدات ؛ لە ئەگەری پەسەندکردنیشیدا، حکوومەت چوارچێوەی یاسایی و ئیداری بۆ دیاری دەکات.
جووڵ یستیبۆ، نوێنەری حیزبی دێموکرات مەسیحی نۆروێژ بە جرۆزاڵم پۆستی ڕاگەیاندووە کە ماوەیەکە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەن، چونکە زۆربەی هاوپەیمانەکانیان لیستی تایبەت بە خۆیان هەیە و بۆ نۆروێژیش گرنگە هەڵوێستی ڕوونی لە بەرانبەر تێرۆریزم و دژەجوودا هەبێت.
شایانی باسە کە هەتا ئێستا یەکیەتیی ئورووپا، ئەمریکا، کانادا، بریتانیا، ئۆسترالیا، بەحرەین، عەرەبستان، ئێکوادۆر، پاراگوئێ و ئاڕژانتین، سپای پاسداران یان لقەکانی وەک هێزی قودسیان خستووە ناو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.