لە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی بێوێنەدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی دەرکردنی دەستبەجێی بۆ شاندی کۆماری ئیسلامی لە نیویۆرک دەرکرد؛ بڕیارێک کە ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی دانوستانەکان بە بنبەست دەرکرا.
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای کرد کە دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی نێوبژیوانانی قەتەر و سووربوونی هەردوولا لەسەر هەڵوێستەکانیان، واشنگتۆن بڕیاری دا کۆتایی بە ئامادەیی شاندی تاران بهێنێت.
ڕوبیۆ لە هەڵوێستێکی دیپلۆماسیی دەگمەندا، فەرمانی بە شاندەکەی ڕێژیم کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمیشی تێدا بوو دا ، کە بەپەلە خاکی ئەمریکا جێ بهێڵن.
بەرپرسێکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە شاندەکە زیاتر لە کاتی پێویست مابوونەوە و دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاتی ڕۆشتنیان هاتبوو.
ئەم کاردانەوە توندەی واشنگتۆن قووڵیی بێمتمانەیی نێوان هەردوو لایەنی لە لووتکەی ئاڵۆزییەکاندا دەرخست.
هاوکات لەگەڵ دەرکردنی شاندەکەدا، دۆناڵد ترامپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بە هەڵکشانی گوشارەکان کرد و وتی: "دەبێت بڕیار بدەین؛ تەقاندنەوەیان یان ڕێککەوتن، کاتەکەی نزیک بووەتەوە."