ڕۆژنامەی "واڵستریت ژۆرناڵ" ڕایگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە واشنگتۆن ۱۲ بۆمبهاوێژی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد"ی لە دوای زیادبوونی نیگەرانییەکان بەرانبەر ئەگەری هێرشێکی دڕۆنی بە فەرمانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە بریتانیا گواستووەتەوە.
واڵستریت ژۆرناڵ لەزاری سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕایگەیاند کە پیلانەکە بەمەبەستی بەئامانجگرتنی فڕۆکەکان و کوشتنی کارمەندانی ئەو بنکەیە، بەتایبەت فڕۆکەوانە ئەمریکاییەکان داڕێژراوە.
لە لێدوانێکدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: "پێمانوایە ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن درێژە بە هەمان ڕەفتارانە بدەن کە ٤٩ ساڵە دەستیان پێکردووە، ئەویش ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستییە دژی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە؛ لەبەر ئەوە زۆر بەئاگاین."
هاوكات دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وڵامی پرسیاری پەیامنێراندا سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی دڕۆن لەلایەن ئێرانەوە بۆ بریتانیا، ڕایگەیاند: "ناتوانم ئەمەتان پێ بڵێم"، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەگەر کارێکی وەهایان کردبێت، زەبرێکی زۆر توندیان بەر دەکەوێت."
لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی بریتانیا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا شەش کەسیان بە تۆمەتی بەشداری لە پیلانێکی تێرۆریستیدا دەسبەسەر کردووە و دواتر بە کەفالەت ئازادیان کردوون.