
سەلام سەدیقی
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەخۆڕایی و لە بۆشاییی ئەجێندادا دروست نابن؛ بەڵکوو زۆرجار لە ئەنجامی بیرکردنەوە، بڕیار، هەڵوێست و کردارەکانی ئەو کەس و گرووپانە سەرهەڵدەدەن کە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا کاریگەری و توانای بڕیاردانیان هەیە. لێرەدا پرسیاری گەورە لەسەر دەور و نەخشی «نوخبەی سیاسی» دێتە گۆڕێ: ئایا نوخبە هێزی تێکشکاندنی کۆسپەکان و خوڵقێنەری گۆڕانکارییە، یان تەنیا دەبێتە بەڕێوەبەری دۆخی ئارایی؟
نوخبەی سیاسی تەنیا کۆمەڵێک کەس نییە کە پۆست یان ناوبانگی سیاسییان هەیە؛ بەڵکوو ئەو توێژەی کۆمەڵگەیە کە توانای کاریگەریدانانی لەسەر بڕیارە چارەنووسسازەکان، دیاریکردنی ئەولەوییەتەکان و ئاراستەکردنی پرۆسەی سیاسی و خەباتگێڕانە هەیە. لەبەر ئەوە، پێوانەی سەرکەوتنی نوخبەی سیاسی لەوەدا نییە کە تەنیا قەیرانەکان بەڕێوە ببات، بەڵکوو ئەوەیە تا چەند دەتوانێت بەسەر دۆخی ئاراییدا زاڵ بێت و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەدا بخوڵقێنێت.
نوخبەی سیاسیی کارا دەبێت بتوانێت لە دۆخە کاتی و قەیرانە هەنووکەیییەکان تێپەڕێت و بە دیدێکی ستراتیژییەوە سەیری داهاتوو بکات. ئەوەی نوخبەیەک لە نوخبەیەکی تر جیا دەکاتەوە، تەنیا مانەوە لە کایەی سیاسەتدا نییە؛ بەڵکوو توانای بەکارهێنانی ئیرادە و هێزە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەقبەستووەی کە دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندوویەتی، هاوکات تەرخانکردنی تواناکانە بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز، چەسپاندنی دادپەروەری، خولقاندنی متمانەی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی پێشکەوتن.
لە سیاسەتدا، داهێنان لەوەوە دەست پێ ناکات کە هەموو شتێک وەک خۆی بپارێزرێت؛ بەڵکوو لە ڕەتکردنەوەی دۆخی ئارایی و لەوەوە دەست پێ دەکات کە نوخبەی سیاسی بتوانێت پرسیاری دروست بورووژێنێت و وەڵامی نوێ بۆ کێشە کۆنەکان بدۆزێتەوە. کۆمەڵگەیەک کە بەردەوام لەگەڵ گۆڕانەکانی سەردەمدا دەگۆڕێت، پێویستی بە نوخبەیەکی سیاسی هەیە کە تەنیا پارێزەری دۆخی هەبوو نەبێت، بەڵکوو هێزی خوڵقێنەر و ئاراستەکەری ئاڵوگۆڕ بێت.
ئەم پرسیارە لە کۆمەڵگەی کوردیدا گرنگییەکی تایبەت و چارەنووسساز هەیە؛ چونکە نوخبەی سیاسیی کورد بە پێچەوانەی نوخبەی دەسەڵاتدار لە دەوڵەتاندا، لە بنەڕەتەوە لەدژی «دۆخی ئارایی» و شەرعییەتی دەسەڵاتی زاڵ خەبات دەکات. ئەگەر نوخبەیەک لە کۆمەڵگەیەکی ئاساییدا بەڕێوەبەری دۆخی باو بێت، لە کوردستاندا قبووڵکردنی ڕۆڵی «بەڕێوەبەری دۆخی ئارایی» یەکسانە بە سازان لەگەڵ ژێردەستەییدا. بۆیە ئەرکی سەرەکیی نوخبەی کوردی تێکشکاندنی ئەو دۆخە نادادپەروەرەیە. کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە نوخبەیەکی سیاسی هەیە کە بتوانێت لە ئاسۆی ڕووداوە ڕۆژانەیییەکان تێپەڕێت، دۆخی ئارایی ڕەت بکاتەوە و دیدگایەکی دوورمەودا بۆ ئازادی و داهاتوو دابڕێژێت.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نوخبەی سیاسی ئەگەر بیەوێت ڕۆڵێکی مێژوویی و کاریگەر بگێڕێت، پێویستە لە سنووری بەرژەوەندییە کورتخایەنەکان و دۆخی هەنووکەیی تێپەڕێت و بتوانێت دیدێکی هاوبەش و ستراتیژی بۆ داهاتوو پێشکەش بکات. کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە نوخبەیەکی سیاسی هەیە کە بتوانێت لەگەڵ گۆڕانەکانی نێوخۆ و جیهاندا خۆی بگونجێنێت، لە ئەزموونەکانی ڕابردوو فێر بێت و لە هەمان کاتدا توانای بەرهەمهێنانی بیرۆکە و داڕشتنی ڕێبازی نوێی هەبێت.
بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە: ئایا هەر نوخبەیەکی سیاسی دەتوانێت خوڵقێنەری گۆڕانکاری بێت؟
وەڵامەکە بە دڵنیایی «نەخێر»ە. نوخبەی سیاسی ئەگەر لە خەڵک دوور بێت، گوێ لە دەنگی کۆمەڵگە نەگرێت و لەبری ئیرادەی گۆڕانکاری، خۆی لە دۆخی ئاراییدا بدۆزێتەوە، خۆبەخۆ دەبێتە بەشێک لە بەڕێوەبردنی هەمان دۆخی چەقبەستوو؛ لە کاتێکدا نوخبەی ڕاستەقینە نوخبەیەکە کە لە پێناو تێکشکاندنی دۆخی ئاراییدا دەبێتە پێشەنگی شۆڕش و گۆڕانکاری.
ئەم خاڵە بۆ کۆمەڵگەی کوردی گرنگتر دەبێت، چونکە نوخبەی سیاسی نابێت تەنیا بە پێوانەی دروشم و ئامادەیی لە گۆڕەپاندا هەڵبسەنگێنرێت؛ بەڵکوو دەبێت بە توانای خوڵقاندنی بیرۆکە، داڕشتنی بەرنامە، بەهێزکردنی دامەزراوەکان، پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و پتەوکردنی متمانەی شۆڕشگێڕانەی نێوان نوخبە و کۆمەڵگەدا هەڵبسەنگێنرێت.
لەبەر ئەوە، نوخبەی سیاسیی نوێ پێویستی بە سێ تایبەتمەندیی سەرەکی هەیە: هۆشیاری، داهێنان و بەرپرسیارێتی؛ هۆشیاری بۆ تێگەیشتن لە واقیعی کۆمەڵگە؛ داهێنان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی خەبات و بەربەرەکانی؛ و بەرپرسیارێتی بۆ ئەوەی بڕیارە سیاسییەکان لە خزمەتی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و گشتیدا بن، نەک تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گرووپێک یان تاکێک.
نوخبەیەکی سیاسیی بەهێز ئەوە نییە کە تەنیا بەڕێوەبەری کێشە و قەیرانەکان بێت؛ بەڵکوو ئەوەیە بتوانێت خەبات و ئیرادەی جەماوەر بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی گەورە بۆ ڕاماڵینی دۆخی ئارایی و بنیاتنانی داهاتوو. دەستەوسانبوون لە بەرامبەر دۆخی سەپێنراودا کۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەبات، بەڵام ئیرادەی شێلگیرانەی گۆڕانکارییە کە دیاری دەکات کۆمەڵگە بەرەو ڕزگاری و سەرکەوتن هەنگاو دەنێت.
لە هەمان کاتدا، پێوەندیی نێوان نوخبەی سیاسی و کۆمەڵگە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. نوخبەیەکی سیاسی ئەگەر لە واقیعی کۆمەڵگە دوور بێت و گوێ لە دەنگ و خواستەکانی خەڵک نەگرێت، بەئاسانی ناتوانێت گۆڕانکارییەکی بەردەوام و کاریگەر بەدی بهێنێت. سیاسەتی نەتەوەیی لە کۆتاییدا تەنیا دانیشتن لە ژوورە داخراوەکاندا نییە؛ بەڵکوو پێکەوەبەستنی ئیرادەی خەڵک و ئاراستەکردنییەتی لە دژی ئەو دۆخەی کە مافەکانی زەوت کردووە.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەم پێوەندییە دەبێت لەسەر بنەمای متمانە، بەرپرسیارێتی و هاوبەشی بنیات بنرێت. نوخبەی سیاسی نابێت خۆی بە جێگرەوەی کۆمەڵگە ببینێت؛ بەڵکوو دەبێت خۆی بە پێشەنگ و هاوسەنگەری کۆمەڵگە بزانێت و بڕیار و سیاسەتەکانی لەگەڵ واقیع و داخوازییەکانی خەڵک بۆ گۆڕانکاری بگونجێنێت. ئەگەر ئەم پێوەندییە لاواز بێت، متمانە دەپووکێتەوە؛ کاتێکیش متمانە کەم بووەوە، توانای نوخبەی سیاسی بۆ ڕابەرایەتیکردنی گۆڕانکاری لە دەست دەچێت.
بۆیە، یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی نوخبەی سیاسی ئەوەیە کە بتوانێت لەنێوان واقیعی ئێستا و ئامانجەکانی داهاتوودا پێوەندییەکی دروست پێک بهێنێت. ئەمەش کاتێک وەدی دێت کە بیرۆکەی سیاسی لە سنووری وتار و دروشم تێپەڕێت و ببێتە بەرنامەی کار، دامەزراوە و کرداری بەرجەستە.
کۆمەڵگەی کوردی بۆ داهاتووی خۆی پێویستی بە نوخبەیەکی سیاسی هەیە کە تەنیا وەڵامدەرەوەی ڕووداوەکان نەبێت، بەڵکوو بتوانێت پێشبینیی ڕووداوەکان بکات و بۆیان ئامادە بێت. نوخبەیەکی سیاسی کە بتوانێت لە ئەزموونی ڕابردوو فێر بێت، لە واقیعی ئێستا تێبگات و داهاتوو بە دیدێکی ستراتیژی ببینێت، دەتوانێت لە قۆناغی تەنیا بەڕێوەبردنی کێشەکانەوە بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی گۆڕینی هاوکێشەکان و داڕشتنی چارەسەری بنەڕەتی.
لە کۆتاییدا، گۆڕانکاریی سیاسی بە تەنیا بە هەڵوێست و بڕیاری تاکەکەسێک دروست نابێت؛ بەڵکوو پێویستی بە نوخبەیەکی سیاسیی هۆشیار، داهێنەر و بەرپرسیار هەیە. نوخبەی سیاسیی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسەتدا ئامادە بێت؛ بەڵکوو ئەوەیە بتوانێت دۆخی ئارایی تێکبشکێنێت و ئاراستەیەکی نوێی ئازادی بۆ کۆمەڵگە بنەخشێنێت.
ئەوەی مێژوو لە نوخبەی سیاسی چاوەڕوان دەکات، تەنیا مانەوە لە دۆخی ئەمڕۆدا نییە؛ بەڵکوو خوڵقاندنی داهاتوویەکی ئازادە. بۆ کۆمەڵگەی کوردیش، ئەم ئەرکە قورسە، بەڵام پێویستە؛ چونکە داهاتوو بە تەنیا بە ئارەزوو و دروشم وەدی نایەت، بەڵکوو بە بیرۆکەی ڕوون، بەرنامەی واقیعی، دامەزراوەی تۆکمە و نوخبەیەکی سیاسیی بەرپرسیار و دووربین بنیات دەنرێت.
لەبەر ئەوە، نوخبەی سیاسی نابێت بەڕێوەبەری دۆخی ئارایی بێت؛ بەڵکوو دەبێت خوڵقێنەر، ڕابەر و بەدیهێنەری گۆڕانکاریی بنەڕەتی بێت لە دژی ئەو دۆخە سەپێنراوەی کە ژیان و ئازادیی نەتەوەکەمانی بە بارمتە گرتووە.