پەراوێزخستنی بەئەنقەست و پشتگوێخستنی بەردەوامی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە، کەرتی وەرزشی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووەتە قوربانیی سەرەکی و ڕێگریی لە گەشەی ژێرخانە بنەڕەتییەکانی کوردستان کردووە.
شاری کرماشان نزیکەی ٢٠ ساڵە چاوەڕوانی تەواوبوونی دوو پڕۆژەی گرنگی وەرزشییە؛ "مەلەوانگەی پاڵەوانییەتی" کە لە ساڵی ۱۳۸۶ەوە دەستی پێکردووە و "هۆڵی وەرزشیی ۶ هەزار کەسی" کە لە ساڵی ۱۳۹۱ەوە سەتی پێکردووە، هێشتا تەنیا ٦٥٪ی کارەکانیان ئەنجام دراوە.
ئەم دواکەوتنە بەردەوامە و خەرجکردنی پچڕپچڕەی بوودجە لەکاتێکدایە کە دەکرا لە ساڵانی سەرەتادا بە بوودجەیەکی زۆر کەم کۆتایییان پێ بهێنرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای پارە، تەواوکردنیان پێویستی بە زیاتر لە ۸۰۰ میلیارد تمەنی دیکە هەیە.
کەڵەکەبوونی بەڵێنی درۆی بەرپرسانی ڕێژیم و نەبوونی پلانێکی دارایی تۆکمە، ئاماژەیەکی ڕوون لەسەر کەمتەرخەمیی ڕێژیمی تاران بەرانبەر توانا و گەشەی لاوانی کوردە.
ناکارامەیی و کەمتەرخەمی دەسەڵاتداران بەرانبەر ئەم دوو پڕۆژەیە، سەلمێنەری پەراوێزخستنی بەئەنقەستی کرماشانە؛ ڕەوتێک کە نەک هەر گەشەی وەرزشی ڕاگرتووە، بەڵکوو دەرفەتە ئابوورییەکانیشی لە خەڵکی ناوچەکە زەوت کردووە.