کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: لە ۱۲ حەفتەی ڕابردوودا ۱۳ کەشتیی بەزێنەری گەمارۆی سەر ئێران تێکشکێنراون

13:37 - 14 رەزبەر 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران، لە ۱۲ حەفتەی ڕابردوودا هێزەکانیان ۱۳ کەشتیی بازرگانییان تێکشکاندووە.

سێنتکام ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کەشتییانە سەرپێچییان لە یاساکانی گەمارۆکە کردووە یان بەشێک بوون لە "تۆڕی نهێنیی چەند میلیارد دۆلاریی سپای تێرۆریستیی پاسداران."

بەپێی بەیاننامەکەی سێنتکام، لە دەستپێکی جێبەجێکردنی ئەم گەمارۆیەوە تا ئێستا، هێزەکانی ئەمریکا ڕێڕەوی ۱۳۰ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و ۳ کەشتیی دیکەشیان پەک خستووە کە ڕەتیان کردبووەوە گوێڕایەڵی فەرمانەکان بن.

لەمبارەیەوە، برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام جەختی کردەوە کە ئەرتەشی ئەمریکا بەوردی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی هەر کەشتییەک دەداتەوە کە هەوڵی بەزاندنی گەمارۆکە بدات.

ئەمریکا لە ٢٤ی خاکەلێوە بە مەبەستی ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوت، گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ڕێژیمی ئێراندا سەپاندووە.

بەپێی ئامارەکانی شیرکەتی "کێپلێر"، لە قۆناغی یەکەمی گەمارۆکەدا، هەناردەی نەوتی ئێران ٧٨٪ دابەزیوە.

بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ، قۆناغی نوێی ئەم گەمارۆیانە دەستی پێکردووەتەوە و لە ٢٣ی پووشپەڕەوە بە ئۆپەراسیۆنێک لەژێر ناوی "گۆشەگیرکردنی ئابووری" گوشارەکان بۆ سەر کەرتەکانی پیشەسازی و سەرچاوە داراییەکانی تاران توندتر کراونەتەوە.