کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانی پەرتانی خەڵکی بۆجنوورد لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

13:41 - 14 رەزبەر 2726

مانی پەرتانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆجنوورد و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ای بەناو دادگای ئینقلاب لەو شارەدا، سەرجەم بە ٨ ساڵ بەندکران سزا درا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مانی پەرتانی، لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە شاری بۆجنوورد، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە ڕێژیم»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەریی ڕێژیم» و «کۆبوونەوەی نهێنی بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتیی میللی» سەرجەم سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

مانی پەرتانی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای مانگێک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆجنوورد گواستراوەتەوە. ناوبراو لەو کاتەوە بەبێ مافی مورەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا بەند کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی بۆجنوورد بەبێ ڕەچاوکردنی ماددەی یاساییی جیاکردنەوەی تاوانەکان، ناوبراویان لە بەندی بەندکراوانی تاوانە گشتی و مەترسیدارەکاندا ڕاگرتووە کە ئەمەش ئاسایش و تەندروستیی ناوبراوی خستووەتە مەترسییەوە.