مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشێلكارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند کە پێشێلکردنی مافی تۆمەتباران و سزادراوان بەشێک لە پێکهاتەی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سەرجەم حوکمەکانی لەسێدارەدانی کرد.
ساتۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە کە پەکخستنی دادپەروەری لە دادگاکانی ئێراندا تەنیا دەرەنجامی ئاڵۆزییەکانی دوای خۆپیشاندانەکان نییە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە و لەنێو پێکهاتەی دادوەریی ئێراندا ڕەگی کوتاوە.
ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجەدان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا، بەکارهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ و بڵاوکردنی لە میدیا دەوڵەتییەکاندا، ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، و بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکان لە پشت دەرگا داخراوەکانی دادگای ئینقلابدا، ئەو هۆکارە بنەڕەتییانەن کە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان لەو وڵاتەدا پەک خستووە.
ساتۆ سەرنجی خستووەتە سەر دادگاییکردنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران، لەنێویاندا دۆسییەکانی "مەیدانی عەلیخانی" لە ئێسفەهان و "مەیدانی شوهەدا"، کە تێیاندا دەیان هاووڵاتی لە دادگاییکردنی چەند کاتژمێری و بەبێ بوونی بەڵگەی سەلمێنەر، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و هەندێکیان جێبەجێ کراون.
ساتۆ جەختی لەوەش کردەوە کە گوشارەکان تەنیا لەسەر تۆمەتباران نین، بەڵکوو ئەو پارێزەرانەی بەرگری لە دۆسییە ئەمنییەتییەکان دەکەن ڕووبەڕووی هەڕەشە، بەندکران و زەوتکردنی مۆڵەتی پارێزەری دەبنەوە.
ناوبراو وتیشی تا ئەو کاتەی ئەم کەموکوڕییە بنەڕەتییانە لە سیستەمی دادوەریی ئێراندا بەردەوام بن، هیچ حوکمێکی لەسێدارەدان ڕەوایەتیی یاسایی نییە و پێویستە پرۆسەی لەسێدارەدان بەتەواوی ڕابگیرێت.