ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ۱۲ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی بەلووچ، بەهۆی دەستڕێژیی ڕاستەوخۆ و سەرەڕۆیانەی هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیم لە دەوروبەری گۆڕەپانی کووزە لە ناوچەی بازاڕی هاوبەشی زاهێدان، گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ۱۲ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ هۆشداری پێشوەختە تەقەیان لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێکی سواری لە دەوروبەری گۆڕەپانی کووزە لە ناوچەی بازاڕی هاوبەشی زاهێدان کردووە. لەو تەقەکردنەدا، دوو هاووڵاتی کراونەتە ئامانجی فیشەکی شەڕ و گیانیان لەدەست داوە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە گیانلەدەستداوانە و وردەکاریی زیاتر لەمبارەیەوە لەبەر دەستدا نییە.
لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ساڵانەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە درێژەی ساڵی ۱۴۰۴دا، بە گشتی ۳۲,۸۲۰ هاووڵاتیی لە سەرانسەری ئێراندا کەوتنە بەر تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، کە لەو ڕێژەیە ۶,۸۲۲ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.
لەو ڕێژەیەش گیانلەدەستدانی ۱۵ کۆڵبەر، ۲۳ سووتەمەنیبەر و ۶,۷۸۴ هاووڵاتیی دیکە تۆمار کراوە.
هەروەها ۲۵,۹۹۸ هاووڵاتی بەهۆی تەقەی سەرەڕۆیانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە بریندار بوون کە لەم ژمارەیە ۲۲ کەسیان کۆڵبەر، ۲۵,۹۶۳ هاووڵاتیی ئاسایی و ۱۳ کەسیش سووتەمەنیبەرن.