کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی موخابرات لە چوار شاری ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو

13:56 - 14 رەزبەر 2726

لە درێژەی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی چین و توێژە جیاجیاکان لە ئێراندا، خانەنشینکراوانی موخابرات ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕەزبەر، لە شارەکانی کرماشان، ئێسفەهان، تاران و سنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی موخابرات لە شاری کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

لەو کۆبوونەوەدا دروشمی جۆراجۆر دژی ستەم، هەڵاواردن، نادادپەروەری و پێنەدانی مووچەی مانگەکانی ڕابردوو و کەمیی مووچەکان وتراوەتەوە.

هاوکات خانەنشینکراوانی موخابرات لە سنەش لە درێژەی "دووشەممە ناڕەزاییەکان"دا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێکخست.

نەدانی ماف و داخوازییەکان، جێبەجێنەکردنی تەواوەتی پەیڕەوی ۸۹/۲۴ و دۆخی بیمەی تەواوکەر، لە هۆکارەکانی ئەم ناڕەزایەتییە بووە.

لە ئێسفەهانـیش کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی موخابرات لە هەمان ڕۆژدا دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.

هەروەها یەکیەتیی ئازادیی کرێکارانی ئێران هەواڵی ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی موخابراتی لە تاران ڕاگەیاندووە.

لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ساڵانەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ۱۴۰۴دا، لانیکەم ۲,۵۵۱ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە وڵاتدا تۆمار کراون؛ لەوانە ۷۲۴ کۆبوونەوەی کرێکاری، ۷۵۷ کۆبوونەوەی پیشەیی، ۷۹۳ کۆبوونەوەی پەیوەندیدار بە بواری بیروباوەڕ و ئازادیی دەربڕین، ۴۰ کۆبوونەوە لە بواری مافی خوێندن، ۳۲ کۆبوونەوەی پەیوەندیدار بە ژینگە و ۲۰۵ کۆبوونەوەی تری هاووڵاتییان لە ۳۱ پارێزگادا. لە هەموو ئەم ماوەیەشدا بە لانیکەمەوە ۴۱ مانگرتنی پیشەیی و ۳۹۰ مانگرتنی کرێکاریش تۆمار کراون.