کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مامۆستای نیشتمانپەروەر حامید سەفایی پوور لە شاری سنە

13:27 - 9 رەزبەر 2726

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٥، مامۆستا حامید سەفایی پوور، فەرهەنگی و مامۆستای قوتابخانە و یەکێک لە مامۆستا پێشەنگەکانی بواری فێرکاری و فێرکردنی خەباتی پیشەیی مامۆستایان لە شاری سنە بەهۆی نەخوشییەوە کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا حامید یەکێک لە پشتیوان و دڵسۆزە ناسراوەکانی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران و ئەنجومەنە پیشەییەکانی مامۆستایان لە پاریزگای سنە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

ناوبراو لەو مامۆستا پێشڕەوانە بوو کە یەکگرتوویی و هاوبەشیی پیشەیی، پاراستنی شکۆ و پێگەی مامۆستا و بەدواداچوونی داواکارییەکانی مامۆستایانی بە بەرپرسیارییەکی هاوبەش دەزانی.

هەروەها ئەو مامۆستایە بە ڕاستگۆیی، دڵسۆزی و هەستی بەرپرسیارییەوە لەم ڕێگایەدا هەنگاوی دەنا و بەشێک لە مێژووی خەباتی چالاکانی مەدەنی و پیشەیی مامۆستایان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

تەرمی نابراو لە بەهەشتی محەممەدیی سنەدا بە بەشداریی مامۆستایان و چالاکانی خەباتی پیشەیی و خەڵکی شاری سنە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.