ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕەزبەر، بەهۆی هێرشکردنە سەر ماشینێکی پژۆ ۲۰۷ هەڵگری لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم لە سەرەتای پردی جەکیگوور سەر بە شارستانی ڕاسکی سیستان و بەلووچستان، لانیکەم هێزێکی ڕێژیم کوژراوە و دوو ئەندامێکی دیکە بەسەختی بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان حاڵوەش، سێ سەرنشینی ئەم ماشینە کە لە هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی ڕێژیم لە جەکیگوور بوون و بە لیباسی شەخسییەوە و وەک کەسی مەدەنی خۆیان نیشان داوە، دراونەتە بەر دەستڕێژی هێزێکی چەکدار و زیانی گیانی زۆریان بەرکەتووە.
حاڵوەش ناسنامەی ئەم سێ هێزەی ڕێژیم بە، «مورتەزا سەیادی»، «حامید سەیادی» و «مورتەزا بەزی» بڵاو کردووتەوە.
بە وتەی حاڵوەش، سێ سەرنشینی ماشینەکە دوای ئەم هێرشە چەکدارییە بۆ نەخۆشخانەی ڕاسک گواستراونەتەوە، کە بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە یەکێکیان گیانی لەدەست داوە و دوو چەکداری برینداری دیکە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، لەژێر چاودێریی پزیشکیی چڕدان.
هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران بانگەشەی ئەوە کردووە کە سەرنشینانی ئەم ماشینە کەسی ئاسایی بوون، بەڵام سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم کەسانە لە هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی ڕێژیم بوون و چەکیان پێ بووە، بە شەو لە ڕێگەی هاتوچۆی جەکیگوور بۆ ڕاسکدا هاتوچۆیان کردووە و هەوڵی لەداوخستنی ئەو هێزە چەکدارانەکەیان داوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هەمان ڕۆژ، دوو ماشینی هایلۆکسی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی تاران لە شاری بۆمپوور لەلایەن هێزێکی چەکداری نەناسراوەوە کرانە ئامانج و لانیکەم دوو پلەداری هێزەکانی ڕێژیم کوژران.
پێشتریش هێرشەکانی دیکە لە ناوچەکانی زاهێدان، ڕوودماهی و ڕاسک ڕوویان دا کە بەرەی خەباتگێڕانی خەڵکی ئەم هێرشانەی لە ئەستۆ گرتبوو.