کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکیی ١٤١ حەفتەیی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» لە ٦٦ بەندیخانەدا

15:49 - 14 رەزبەر 2726

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٦٦ بەندیخانەی ئێراندا، لە ١٤١ـەمین حەفتەی چالاکییەکانیدا کە هاوکاتە لەگەڵ بەرەبەرەی ڕۆژی جیهانیی دژ بە سزای لەسێدارەدان، جارێکی تر جەخت کردەوە کە "سزای لەسێدارەدان پێشێلکارییەکی بنەڕەتیی مافی ژیان و نموونەی قەتڵیی حکوومەتییە".

لە بەیاننامەی ئەم حەفتەیەی کەمپەینەکەدا هاتووە کە "ئەم سزایە نەک هەر هیچ مافێک بۆ قوربانییان ناگەڕێنێتەوە، بەڵکوو لە حکوومەتێکی ستەمکاری وەک کۆماری ئیسلامیدا، بووەتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن، کپکردنی ناڕەزایەتییەکان و سەرکوتکردنی نەیاران".

لەو بەیاننامەیەدا نووسراوە کە ئێران پاڵەوانی جیهانە لە جێبەجێکردنی لەسێدارەداندا.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٢١٥٩ کەسی لەسێدارە داوە و بەرزترین ئاماری تۆمارکراوی لەسێدارەدانی لە جیهاندا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

بەپێی ئاماری کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان»، لە حەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم ٢٢ کەس لە سێدارە دراون.

لەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئێمە بڕوامان وایە کە دیکتاتۆری زاڵ بەسەر ئێراندا بە توندکردنەوەی لەسێدارەدانەکان هەوڵ دەدات فەزای کۆمەڵگە ئەمنییەتی بکات و خەڵک بترسێنێت، بەڵام لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا، بەرخۆدان و هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندندایە".

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا باس لەوە کراوەکە "کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان دەنگی ئەو زیندانییانەیە کە لە پشت دیوارە بەرزەکانی زینداندا، لە بەرانبەر مەکینەی مردندا وەستاون؛ دەنگی ئەو خەباتگێڕانەیە کە خۆشەویستەکانیان لە بەرەبەرەی لەناوچووندا دەبینن و هاواری ئەو خەڵکەیە کە مافی ژیان، ئازادی، یەکسانی و کەرامتە مرۆییەکان لێ زەوت کراوە".