پەیمانگەی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نوێی ماهوارەکان ڕایگەیاند کە چالاکییە سەربازی و لۆجیستیکەکان لە کۆمەڵگەیەکی ستراتێژی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران دەستیان پێکردووەتەوە.
ئەم شوێنە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشتر لەژێر ناوی ساختەی "مەڵبەندی هەڵگرتنەوەی مین"ی سەر بە وەزارەتی بەرگری دایپۆشیبوو، لە ڕاستیدا بنکەیەکی نهێنی و بنەڕەتیی گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی بوو.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دوای شناساییکردنی زانا ئەتۆمییەکانی ڕێژیم و شوێنپێهەڵگرتنی ورد بۆ جووڵە و چالاکییەکانیان لە ناوەندەکەدا، لە ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا هێرشێکی وردی ئاسمانییان کردە سەر ئەم کۆمەڵگەیە و بەشێکی بەربڵاویان لە بنکەکە و دروستکراوە ژێرزەوییەکانی وێران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی پەیمانگەی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی، وێنە تۆمارکراوەکانی مانگەکانی خەرمانان و ڕەزبەری ئەوساڵ نیشانی دەدەن کە دوای کۆکردنەوەی ئاوار و پاشماوەی تەقینەوەکان و نۆژەنکردنەوەی، هاتوچۆی ماشینەکان و ئۆپەراسیۆنی هەڵگرتنەوەی خاک لە حەوشەی ناوەندەکە دەستیان پێکردووەتەوە.
ئەم هەنگاوانە هێمایەکی ڕوون لەسەر هەوڵەکانی تاران بۆ نۆژەنکردنەوەی توانا ئەتۆمییە تێکشکێنراوەکانی و بووژاندنەوەی ئەو ژێرخانانەی کە لە هێرشە ئاسمانییەکەدا لەدەستی دابوون.
دەستپێکردنەوەی ئەم جموجۆڵانە لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتی دیکەش لەسەر چالاکبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیم دەرکەوتوون؛ لەوانە گواستنەوەی هەزاران سانتریفیووژ بۆ وێستگەی ژێرزەویی "کێوی پیکاکس" لە ٣٠ی پووشپەڕ و جێبەجێکردنی گۆڕانکاری و بونیادنانی بەربەستی بەرگری لە دەوروبەری تۆنێلە ژێرزەوییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئێسفەهان لە ١١ی پووشپەڕ.
ئەم هەنگاوانە سەلمێنەری سووربوونی تاران لەسەر درێژەدان بە پرۆژە ئەتۆمییەکەی، سەرەڕای هێرشە سەربازییەکان و گوشارە نێودەوڵەتییەکانن.