کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا لە پرۆسەیەکی دادوەریی نادادپەروەرانەدا

10:05 - 15 رەزبەر 2726

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی بەکارهێنانی سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، سزای لەسێدارەدانی بەسەر "بۆرزوو ڕەزایی"ی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشاندا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، بۆرزوو ڕەزایی لەلایەن لقی ۲۳ی دادگای ئینقلابیی ڕێژیم لە تاران بە تۆمەتی ناڕوونی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی نەیار" دەرچووە، کە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا بەسەریدا سەپێنراوە.

ڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لە پرۆسەیەکی نادیار و بێبەش لە دادگایی دادپەروەرانە بەڕێوە چوو و سزاکەش بە فەرمی ڕادەستی پارێزەرەکەی و ئیدارەی بەندیخانەی تارانی گەورە (فەشافوویە) کراوە.

بورزوو ڕەزایی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە تاران دەسبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە تاکوو هۆکارێک بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەکار بهێنرێت.

سەپاندنی سزای سێدارە بە تۆمەتی ئەمنییەتیی ناڕوون و بەبێ بوونی بەڵگەی سەلمێنەری یاسایی، درێژەی ڕەوتێکی ڕێکخراوە بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان.

بێبەشکردنی تۆمەتباران لە پارێزەری سەربەخۆ و بەڕێوەبردنی دادگاییکردنی نمایشی، ڕەوایەتیی یاسایی و ئەخلاقیی لە تەواوی بڕیارەکانی سیستەمی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران سەندووەتەوە و هێمایەکی ڕوونی پێشێلکاریی بەردەوامی مافی ژیانە.