کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانبوونی پێداویستییەکانی خوێندن لە کرماشان تەنگی بە بنەماڵەی قوتابییان هەڵچنیوە

13:30 - 9 رەزبەر 2726

لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، بازاڕی پێداویستیی خوێندن لە کرماشان بەهۆی قەیرانی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخەکان شێواز و قەبارەی کڕینی خێزانەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان نیشان دەدەن کە نرخی هەندێک لە کەلوپەلەکان بە ڕێژەی زیاتر لە ١٠٠ تا ١٥٠ لەسەد بەرز بووەتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر توانای دارایی هاووڵاتییان هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، خێزانەکان لەبری کڕینی زۆر و تایبەتی، ئێستا ڕوویان لە کڕینی پێداویستییە سەرەتایی و هەرزانترەکان کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، دایک و باوکی قوتابییان ناچارن بەوردی چاوەدێریی تێچووەکان بکەن و لە هەندێک حاڵەتدا کەلوپەل و کەرەستەکانی ساڵانی پێشووی منداڵەکانیان دووبارە بەکار بهێننەوە تاکوو باری دارایی خێزانەکە سووک بکەن.

ئەم دۆخە جیاوازیی نێوان ناوچە و گەڕەکەکانی ئەو شارەی ڕوونتر کردووەتەوە؛ لەکاتێکدا لە هەندێک ناوچەی وەک نەوبەهار و فێردەوسی بازاڕ گەرمترە، بەڵام لە ناوچە هەژارنشین و پەراوێزخراوەکانی شاردا، بازاری کڕینی پێداویستی و کەلوپەل ساردوسڕە و توانای کڕینی خەڵک زۆر دابەزیوە.

لەلایەکی تریشەوە، سەرۆکی یەکیەتیی پیشەیی کتێب و پێداویستیی خوێندن لە کرماشان، محەممەدهادی موعینی، باسی لە چالاکیی نزیکەی ٣٠٠ یەکەی پیشەیی لە شارەکە کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە تێچووی بەرزی بەرهەمهێنان هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی تێنووس و کاغەزە.

هەروەها فرۆشیاران گلەیی ئەوە دەکەن کە قەبارەی فرۆش بە ڕێژەی بەرچاو کەم بووەتەوە و قازانجی ئەوان دابەزیوە، چونکە کڕیاران تەنها کەلوپەلی پێویست بە تاک دەکڕن.

لە کۆتاییدا، هەرچەندە ڕواڵەتی بازار پڕ لە جووڵەیە، بەڵام ئەمە نیشانەی باشتربوونی دۆخی ئابووری نییە، بەڵکوو دەردەخات کە خێزانەکان بە ناچاری تەنها سنووردارترین بژاردەکان بۆ پەروەردەی منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن و لەژێر گوشاری قورسی ئابووریدا دەژین.

پێشتریش ڕاپۆرتەکان باسیان بەرزبوونەوەی ٣٠٠٪ی نرخی کاغەز و گرانیی ٢٠٠٪ی بەشێک لە کەلوپەلەکانی خوێندن، تێچووی ئامادەکردنی قوتابییانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە و بازاڕی خستووەتە سستییەوە.

هەروەها مەهدی کەلانتەری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی کەلوپەلی خوێندنی ئێرانی بە "دیدەبان ئێران"ی ڕاگەیاندووە، نرخی کاغەز بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٠٠٪ زیادی کردووە، ئەمەش ڕاستەوخۆ تێچووی دروستکردنی دەفتەر و بەرهەمە کاغەزییەکانی بەرز کردووەتەوە.