دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمی دادوەرییەوە وەک ئامرازێکی سەرکوتکاری، شەپۆلێکی نوێی دۆسییەسازیی بەکۆمەڵی لە دژی هاووڵاتییان و سەندیکا سەربەخۆکان دەست پێکردووە.
وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاند لە پەیوەندی لەگەڵ دوو شەڕی دواییدا، ۴۷۶ دۆسییەی دادوەری پێكهێنراون و ۱۶۳ داواکاری بۆ پێڕاگەیشتن دەر چوون، هاوکات بڕیاری دەسبەسەرداگرتنی سەرمایەی تۆمەتبارانیش دراوە.
ئەم ڕێکارە دادوەرییە کە لەژێر سەرپۆشی "کردەوە دژی ئەمنییەتی میللی" جێبەجێ دەکرێت، ۲۵۰ دۆسییەی دیکە بە هەزار و ٨٩٥ تۆمەتبار لەخۆ دەگرێت کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و دەوڵەتانی نەیار تۆمەتباریان دەکەن و لەو بابەتەش ٧٠ داواکاری بۆ پێڕاگەیشتن دەرچووە.
لەم نێوەدا، ۹۴ کارمەندی میدیایی و ڕاگەیاندن کەوتوونەتە بەر ئەم شەپۆلی دادگاییکردن و زەوتکردنی مافانە، تاکوو هەرجۆرە زانیاریگەیاندنی سەربەخۆ لە ئێراندا بێدەنگ بکرێت.
بەکارهێنانی تۆمەتی ناڕوون و جێبەجێکردنی حوکمی دەسبەسەرداگرتنی سەرمایە بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامە و بەڵگەی سەلمێنەری یاسایی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ناڕەوایەتیی سیستەمی دادوەریی ڕێژیم.
ئامانجی بنەڕەتیی ڕێژیم لە تەواوی ئەم دۆسییەسازییانە، دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەیە تا لە ڕێگەی ئامرازی دادوەرییەوە بەربەست لە بەرانبەر ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دروست بکات و ئازادیی ڕادەربڕین بە تەواوی کپ بکات.