کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و دۆخی خراپی خەوتنگەکان گوشاری سەر خوێندکارانی ئێرانی زیاد کردووە

10:43 - 15 رەزبەر 2726

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران، کەمیی شوێن لە خەوتنگە دەوڵەتییەکان، بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی خەوتنگە تایبەتەکان و خراپیی باری تەندروستی و خۆشبژێوی، گوشاری زۆریان خستووەتە سەر خوێندکاران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەهۆی نەبوونی شوێن لە خەوتنگە دەوڵەتییەکاندا، خوێندکاران ناچار بوون پەنا بۆ خەوتنگە تایبەت و خۆبەڕێوەبەرییەکان ببەن کە کرێکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ بۆ نموونە لە دێزفوول تێچووی خەوتنگە ٨٠٪ زیادی کردووە و لە هەندێک ناوچەی دیکەشدا گەیشتووەتە ١٨ تا ٢٠ ملیۆن تمەن.

جگە لە گرانی، خوێندکاران لە زانکۆکانی وەک تاران، زابۆل، ڕازیی کرماشان و عەلامە تەباتەبایی بەرانبەر کۆنبوونی ئیمکانات، کەمیی خواردن، ناپاکی ژینگە و تەنانەت هەبوونی مارمێلکە و مار لە شوێنی نیشتەجێبوونیان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی. ئەم دۆخە سەختە ئابووری و خۆشبژێوییە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە خوێندکاران ناچار بە دەستکێشانەوە لە خوێندن یان کەمکردنەوەی وانەکانی تێرمەکەیان ببن.

لە پاڵ ئەم کێشانەدا، بەرپرسانی زانکۆکان کەشی ئەمنییەتییان لە ناوەندەکانی خوێندن و خەوتنگەکاندا قورستر کردووە؛ بڵاوبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکان، دەستێوەردانی حیراسەت و هەڕەشەی دۆسییەسازیی دادوەری و دیسپلینی لەو خوێندکارانەی دژی گرانبوونی تێچووەکان و خراپیی شوێنی حەوانەوەیان دەنگی ناڕەزایەتی هەڵدەبڕن، کێشەکانی لە جاران ئاڵۆزتر و قورستر کردووە.