کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕێڕەوێکی ژێرزەوینیی یەک کیلۆمەتر و نیویی حەماسی لە غەززە تەقاندەوە

13:25 - 15 رەزبەر 2726

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ڕەزبەر کە هاوکاتە لەگەڵ هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل و خاکی ئەو وڵاتە، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە هێزەکانیان لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکووری غەززە، ڕێڕەوێکی ژێرزەوینی بە درێژیی یەک کیلۆمەتر و نیویان تەقاندووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێزەکانی تیپی باکوور، بە فەرماندەیی لەشکری ٩٩ و بە هاوکاریی هێزەکانی ئەندازیاریی فەرماندەیی باشوور، لە ڕۆژهەڵاتی "هێڵی زەرد" لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە "ژێرخانی تێرۆریستی"ی حەماس بەردەوامن.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی ژێر فەرماندەیی باشوور، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "هەڕەشە لەناکاوەکان" لەم ناوچەیەدا جێگیر بوون و بەردەوام دەبن.

بەیانیی ڕۆژی شەممە ٧ی ئۆکتۆبر، گرووپی تێرۆریستیی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند؛ ئیسرائیلش لە بەرانبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی ڕاگەیاند، بەڵام، دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونە نێو شەڕەکەوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.