کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەیدا بازیار بە ڕۆمانی «کەلێنەکان» خەڵاتی کتێبی ئاڵمانی بردەوە

13:45 - 15 رەزبەر 2726

شەیدا بازیار، نووسەری ئاڵمانی-کورد، بە ڕۆمانی «کەلێنەکان» بووە براوەی خەڵاتی دیاری «کتێبی ئاڵمان».

دەستەی داوەران لە ڕوونکردنەوەی هەڵبژاردنەکەیاندا ڕایانگەیاند: «شەیدا بازیار لە ڕۆمانی "کەلێنەکان"دا ئاسۆیەکی بەرفراوان لە مێژووی سەدەی بیستەمی ئاڵمان وێنا دەکات. شارۆچکەیەکی خەیاڵی لە ناوچەی هۆنزڕۆک (ناوچەیەک لە نێوان دوو پارێزگای زارلەند و ڕاینلەند فالتس) کە بە ڕوونی لە ڕاستی دەچێت، لەم ڕۆمانەدا دەبێتە سەکۆیەکی بۆ کێشمەکێش و پیوەندییە کەسییەکان لەگەڵ تاوانەکانی هۆلۆکاست و هەروەها ئاساییبوونەوەی پلەبەپڵەی دژەجوو بوون، زەوتکردنی مافەکان و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی؛ پرۆسەیەک کە تاکوو ئێستاش بەردەوامە.»

دەستەی داوەران ڕایگەیاندووە: بازیار بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم شارۆچکە بچووکە کە ناوە واتادارەکەی "هایمسباخ"ە، لە ئاستی ناوخۆیی و بەم پێیەش لە ئاستێکی بەرجەستەدا، شێوازەکانی پێناسەکردنەوە و ڕێژەییکردنی مێژووی کەسی و سیاسی نیشان دەدات؛ هەروەها باس لە فەرهەنگێک لە بیرهێنانەوە و یادوەری دەکات کە قوربانییان خۆیان ناچارن داوای بکەن.

داوەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەرهەمەکە بە تێڕوانینێکی فرەنەتەوەیی، چەمکی "ڕۆمانی نیشتمانی" دەبەزێنێت و لە نوێوە پێناسەی دەکاتەوە.

شەیدا بازیار لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا ڕایگەیاند کە هەستێکی سەیر و ئاڵۆزی هەیە، چونکە شادیی تەواو بۆ خەڵاتێک کە لەسەر مێژووی مرۆڤە چەوساوەکان و قوربانییانی تێرۆر و ڕەگەزپەرستییە لە جێی خۆیدا نییە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی تاوانە دژەجووەکان و ڕەگەزپەرستییەکانی ئەمڕۆ، هۆشداریی لەسەر دۆخی کەمینەکان دا و جەختی لە گرنگیی هەڵوێستی کۆمەڵگە کردەوە.

شەیدا بازیار، نووسەری کوردی خەڵکی ئاودانانی پارێزگای ئیلامە و نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمانیایە.