"شێرکۆ مام ئاغا"، وێنەگری ناوداری خەڵکی بۆکان، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وێنەگریی "نێکسس ۲۰۲۶" لە ئێمارات درەوشایەوە و توانی خەڵاتێکی تایبەتی دەستەی داوەران و چوار بڕوانامەی وەرگیرانی بەرهەمەکانی دەستەبەر بکات.
لە کۆی ۴ هەزار و ۱۳۹ بەرهەمی بەشداربوو لەلایەن ۸۰۰ وێنەگری ۸۳ وڵاتی جیهانەوە، ئەم وێنەگرە کوردە لە بەشی ژینگەدا توانی خەڵاتی "دەستنیشانکراوی داوەران" بەدەست بهێنێت.
هاوکات بەرهەمی "Hope" لە بەشی هونەرە جوانەکان، "Mountain Sunflower" لە بەشی پۆرترێت و دوو بەرهەمی "Warm Shelter" و "Children of the Mountain" لە بەشی بەڵگەنامەییدا وەک بەرهەمی وەرگیراوی فێستیڤاڵەکە پەسەند کران.
شێرکۆ مام ئاغا، وێنەگری خەڵکی گوندی "ڕەحیمخان"ی سەر بە ناوچەی سیمینەی بۆکان و لەدایکبووی ساڵی ۱۳۶۱ـە.
ناوبراو پێشتریش لە کێبڕکێ و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی وێنەگری لە وڵاتانی جیاواز لەوانە فەرانسە، ئەمریکا، کانادا، چین، تورکیە و قێرقیزستان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و میداڵی زیو و بڕوانامەی ڕێزلێنانی مسۆگەر کردووە، هەروەها زیاتر لە ۶۰ بەرهەمی هەڵبژێردراوی لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردووە.
ناوبراو پێشتر و لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە کێبڕکێی جیهانیی IPA لە ئەمریکا کە ۱۴ هەزار وێنەگر تێیدا بەشدار بوون، بە تۆمارکردنی وێنەی "دەفژەنینی گوندی پاڵنگان" پلەی سێیەمی جیهانی لە بەشی نەریت و کولتوورەکاندا مسۆگەر کرد.
ناوبراو هەروەها سێ بڕوانامەی ڕێزلێنان لە بەشەکانی "هونەرە جوانەکان، منداڵان و شێوازی ژیان"ی لەو کێبرکێیەدا بەدەست هێنا.
دەستکەوتە هونەرییەکانی ئەم وێنەگرە ڕۆڵێکی بەرچاو لە ناساندنی کولتوور، سروشت و ڕەسەنایەتیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئاستی جیهانیدا دەگێڕن.